مەسعود هاشمی
ڕۆژی جیهانی ژنان (٨ی مارس) یادی خەباتی مێژوویی ژنان بۆ گەیشتن بە یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤایەتی و مافە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکاتەوە. ئەم ڕۆژە لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە بزووتنەوە کرێکارییەکان و داخوازییەکانی ژنان پێکهاتووە. ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان وەک ڕەمزی خەبات بۆ دادپەروەری جێندەری و نەهێشتنی هەڵاواردن بەڕێوەدەچێت.
لەسەر ئاستی جیهانی ژنان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە لەوانەش مافی دەنگدان، دەستڕاگەیشتنێکی فراوانتر بە خوێندن، بەشداری سیاسی و بەشداری ئابووری. بەڵام هێشتا ئالنگاری گەورە هەیە، وەک نایەکسانی مووچە، توندوتیژی دژی ژنان، سنووردارکردنی بەشداری سیاسی و جیاکاری کولتووری و کۆمەڵایەتی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ڕۆژی جیهانی ژنان بەردەوامە لە بیرهێنانەوەی خەباتی بەردەوام بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەکانی ژنان. هەر چەندە لە وڵاتانی رۆژئاوا زۆرتر کار بۆ مافی مرۆڤ کراوە، بەڵام خودی نیولیبرالیسم و بە کاڵاکردنی ژن بگرە تا دەسەڵاتە تئۆکراتەکان کە دیسان ژن وەک کاڵا دەبینن مەزنترین ئالنگاری بەردەمی ژنانی جیهانە.
لەناو ئەم وێنەیە جیهانییەدا، ژنانی کورد جێگایەکی تایبەتیان هەیە. مێژووی هاوچەرخی کوردستان ئەوە دەردەخات کە ژنانی کورد نەک هەر لە چوارچێوەی ڕۆڵی تەقلیدیدا نەماونەتەوە، بەڵکو لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا چالاک بوون، لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تا دەگاتە کولتوور، پەروەردە، میدیا و چالاکییە مەدەنییەکان. خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی، چینایەتی،و کۆمەڵایەتی هاندەرێکی مەزنی ژنانی کورد بووە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگایەکی زۆر سوننەتیی کوردستان. مانیفیستی ژن،ژیان، ئازادی، بەرهەمی ئەم تێروانینە کوردییەیە کە مەخابن گەلانی دەورووبەر تەنیا بە لەچک فڕیدانەکەی لێی حاڵین.
لە زۆر قۆناغی مێژووییدا ژنی کورد بۆتە هێمای ئازایەتی و کۆڵنەدان و هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ژنێک کە هەم دایکە و هەم بەخێوکەری نەوەکانە و هەم دەنگی ئازادی و دادپەروەری بۆ کۆمەڵگاکەیەتی. لەو شوێنەدا کە هێما لیبرالییەکان لە دەرخستنی ژناندا خۆ زەق بکرێت، هێما مرۆییەکانی کۆمەڵگای کورد وون دەبن، هەر بۆیە ڕۆشنبیری ژنانی کورد و پەیوەست کردنیان بە بەها مرۆییەکان بە ئەرک بزانرێت.مێژووی کوردستان پڕە لە ژنانی کارا و بەهێز، وەک حەپسەخانی نەقیب، مەستورە ئەردەڵانی، عەدالەت خانمی جاف، قەدەم خەیر و لەیلا قاسم و لەیلا زانا، و ئیلهام ئەحمەد و دەیانیتر،…
ژنی شەڕڤان و پێناسەیەکی جیاواز بۆ ئازادی
لە نێوانیاندا فیگەری ژنی شەڕڤان (ژنە شەڕکەر) نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ئامادەبوونە مێژووییە. ژنی شەرڤان وەک پێناسەی میللەتێک خۆی دەناسێنێت، ژیانی ژنێکی لەو جۆرە بەزۆری بە پابەندبوون بە کۆمەڵگا و بەرگریکردن لە خەڵک و بەرپرسیارێتی مێژوویی لە قاڵب دەدرێت.
لە کاتێکدا لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا و لە چوارچێوەی بیرۆکەی لیبراڵدا، ئازادی تەنیا بە هەڵبژاردنی تاک و سەربەخۆیی کەسی پێناسە دەکرێت، لە ئەزموونی زۆرێک لە ژنە تێکۆشەرانی کورددا، ئازادی زیاتر بە مانای ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە چەوساندنەوە و گەیشتن بە کەرامەتی دەستەجەمعی دێت،نەک خۆ نواندن یان بەکاڵاکردنی ژن لە میدیا و بە سیلیبریتی بوون کە وەک تاکە پێناسە بە کار بهێنرێت. خەباتی فەرهەنگی بەشێکی گرنگ لە بەدیهێنانی ئەو کەرامەتە جەمعییە بووە کە بۆ نموونە لە بەدیهێنانی فێربوونی زمانی دایکی دەتوانێت کەسانێ وەک زارا محەمەدی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکات.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویست نییە ژنی شەڕڤان مۆدێلی ژیانی خۆی لەسەر پێوەر و شێوازی ژیانی کولتووری ڕۆژئاوایی یان لیبڕاڵ بکات. ناسنامەی ئەو زیاتر لەسەر بنەمای بەهاکانی وەک:
لە کۆتاییدا، ڕۆژی جیهانی ژنان تەنیا ئاهەنگێکی ژنان نییە کە بەداخەوە لە دیازپۆرا لە هەڵپەڕکێ و گۆڤەندا خۆ دەنوێنێت، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک بەبێ ئامادەبوونی چالاکانەی ژنان بە دی نایەت. کەواتا دروستیان ووتوە کە کۆمەڵگایەک ئازاد نابێت تا ئازادی ژنانی ئەو کۆمەڵگای دەستەبەر نەکرێت. هەروەها ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو نیشانیان داوە کە دەتوانن لە پێشەنگی هۆشیاری و خۆڕاگری و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتردا بن.
بۆیە بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ژن لە کوردستان تەنها ئاهەنگێکی ژنان نییە، بەڵکو ئاهەنگگێڕانێکە بۆ ئیرادە و بوێری و کەرامەتی مرۆڤایەتی، بەهاکان کە بە ڕوونی لە ڕووخساری ژنانی کورد و شەڕڤاندا دەبینرێن.
