وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایددەگەیەنێت، هەوڵی باش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە دراوە لەکاتی کۆچکردندا لە لیبیا گیریان خواردووە و دەشڵێت: دواخرانی مووچە پاڵنەرە بۆ کۆچکردنی گەنجان.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی یەکەمین دیدرای پەیماننامەی جیهانیی کۆچ، کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجان کرد و رایگەیاند، ”ئەوەی دەبێتە هۆی کۆچکردنی گەنجانمان، بەدەر لە ئیرادە و بڕیاری خەڵکی کوردستانە و پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە.
وەزیری ناوخۆ وەک یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجان ئاماژەی بە ”’گوشارە سیاسی و ئابووری”یەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و وتی، ”کاتێک شاندی وڵاتان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش پارێزراو بن.”
وەزیری ناوخۆ پێشی وایە، “دواخرانی مووچە پاڵنەرە بۆ کۆچکردنی گەنجان”.
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: ”نابێ چی دیکە بە هیچ پاساوێک، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دوا بکەوێت. ئەوە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە، بەڵام بەداخەوە پرسی مووچە بووەتە بابەتێکی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن.”
وەزیری ناوخۆ وتی: ”ئێمە بەرپرسین بەرامبەر بە هاووڵاتییانی خۆمان، چی لێرە و چی لە دەرەوەی وڵات. هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەوانەی لە لیبیا دەستگیرکراون، بگەڕێندرێنەوە.”
جەختیشی كردۆتەوە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، کاری ”زۆر باش”یان بۆ گەڕاندنەوەی گەنجانی کورد کردووە.
