بڕیارە هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی و ئابووری هەرێم، ڕێنمایی بۆ لێخۆشبوونى لە 15%ى قەرزى سەر هاووڵاتییان دەربکات، کە لە کۆبوونەوەى ڕۆژى چوارشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەوەدرا.
میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە: هەفتەى داهاتوو وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێم کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکە ڕێنمایی بۆ لێخۆشبوونى 15% قەرزە حکومییەکانى سەر هاووڵاتییان دەردەکات.
هەربەگوێرەى زانیارییەکان، لە ڕێنماییەکاندا مەرجى لێخۆشبوونى لە 15% قەرزەکان، دانەوەى سەرجەم قەرزەکانى کەڵەکەبووە تا کۆتا ڕۆژى ئەمساڵ.
لێبخۆشبوونەکە قەرزی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێکردن و گەشتیاری دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى چوارشەممە ڕایگەیاند، بەمەبەستى ئاسانکاریی دانەوەى پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) کە پێشتر بە هاووڵاتییان دراوە، بڕیاردرا بە لێخۆشبوونى 15٪ ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان.
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەوەشى راگەیاند، لێخۆشبوونەکە تا 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵ بەرکاردەبێت.
