هەینی. ئازار 6th, 2026

ڕێککەوتنی سێقۆڵی: دەستکەوتە یان ڕاستکردنەوەی ڕێڕەو؟

سەیرکراوە: (1.6K)

*عەلی ئۆرەماری

سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ بە دەستپێکی تەقینەوەی ناکۆکییەکان دادەنرێت لەنێوان حکوومەتی عێراق (کابینەی نوری مالیکی) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان (کابینەی حەوتەمی نێچیرڤان بارزانی). هۆکارەکانی ناکۆکییەکانیش لەسەر بوونی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی یاسایەکی هاوشێوە لە عێراق بوو. کە لە ئەنجامدا وەک دەروازەیەک بوو هەرێمی کوردستان چەندین گرێبەستی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کرد.

لەسەرەتای ٢٠١٤، دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێم تۆڕی بۆرییەکانی نەوتی گەیاندە بەندەری جەیهان و بەتەواوبوونی ئەوە و بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێم و کابینەکەی نوری مالیکی، لە کۆتاییدا حکوومەتی هەرێم بڕیاری هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوتی دا بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی.

ئەمەش کاردانەوەی تووندی لێکەوتەوە، حکومەتی مالیکی بڕیاری بڕینی بەشی هەرێمی لە بوودجەی گشتیی عێراق دا و لە دادگای پاریسیش سکاڵای لەسەر دەوڵەتی تورکیا تۆمار کرد کە لە دەرەوەی ڕێکار و یاسا کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان، نەوتی هەرێمی لە عەمبارەکانی جەیهاندا هەڵگرتووە و لە بازاڕەکانی جیهاندا دەفرۆشرێت.

دوای تەقینەوەی ناکۆکییەکان و بڕینی پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتی و هاتنی گرووپی تیرۆریستی داعش، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی سەختی ئابووریی بوو.

گرفتی کەمیی نەختینە هەرێمی ناچاری کرد پەنا بباتە بەر بڕینی بەشێک لە مووچەی مووچەخۆران و پاشەکەوتکردنی مانگانەی مووچە دابهێنێت، بەبڕینی ڕێژەی ڕێژەی ٢١% تا ٧٥%ی مووچە.

بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکوو لە ساڵی ٢٠١٥دا یاسای ژمارە ٧ی لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرد بە ناوی (یاسای ڕاکێشانی دراو بە ڕێگەی قەرزکردن لە هەرێمی کوردستان – عێراق / قانون جذب الأموال عن طريق الاقتراض في إقليم كوردستان – العراق). بەهۆی ئەمەشەوە، نەک تەنها دواکەوتن و نەدان و پاشەکەوتکردنی مووچە بووە دیاردەیەکی ساڵانە، بەڵکوو سەرجەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنانیش ڕاوەستان و کۆمپانیا گەورەکانی وەبەرهێنانی بیانیش ماڵئاواییان لە هەرێم کرد. لە کۆتایی تەمەنی کابینەی حەوتەمیش لە ٢٠١٨دا، قەرزەکانی حکوومەتی هەرێم کە لە کۆمپانیا نەوتییەکان و هەندێک بانکی ناوخۆیی کردبووی، گەیشتە زیاتر لە ٣١ ملیار دۆلار.

بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا و جووڵاندنی سکاڵا لە دادگای ناوبژیوانی پاریس، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بووە هۆی ئەوەی دادگاکە بڕیارێک لە بەرژەوەندیی عێراق دەربکات، لە ئەنجامدا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە دەرەوەی کۆمپانیای سۆمۆ ڕاگیرا و دەوڵەتی تورکیاش ناچار کرا نەوتەکە ڕابگرێت و بڕی ١.٥ ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بداتە عێراق. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو دادگای فیدراڵیش بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی دا و یاسای ژمارە ٧ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە. بەو شێوەیە و بەپێی یاساکانی دادگای فیدراڵی، هەرێم گەڕایەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێڕەوەی کە زیاتر لە ١٠ ساڵ بوو گرتبوویەبەر.

دانوستاندنەکان دیسان وەک چیرۆکی هەزار و یەک شەوە لەنێوان شاندەکانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی سوودانی درێژەیان کێشا. تاکوو ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠٢٥، لە ساڵیادی ڕیفراندۆمی خەڵکی هەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی حکوومەتی بەغدا ڕایگەیاند، گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بۆ کێشەیەک کە بۆ ماوەی ١٨ ساڵ درێژەی کێشابوو. ئەویش دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانە و لە ڕێگەی تورکیاوە دەست پێدەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە، هەموو ئەو نەوتەی کە لە هەرێم دەردەهێنرێت ڕادەست دەکرێت، جگە لە بەشێک بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم، ئەوەی دیکە کە ١٨٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی سوودانی، بەرپرسانی هەرێم و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش ڕێککەوتنی سێقۆڵی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکانیانیان بە سەرکەوتن و دەسکەوت هەژمار کرد.

لێرەدا و بە هەڵکەوتی ڕێککەوتنی سێقۆڵی، مافی خۆمانە بپرسین: باشە، ئەگەر ڕادەستکردن و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە دەسکەوت بێت، ئەی کەواتە ئەو ١٨ ساڵەی ناکۆکی بۆچی بوو، کە تەنها گەل باجی ئەوەی دا؟

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە، ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوێکە کە بۆ زیاتر لە ١١ ساڵە حکوومەتی هەرێم بە ڕاگەیاندنی ئابووریی سەربەخۆ و بە سەرکێشییەکی کەللەڕەقانە مامەڵەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی میللەتدا دەکرد.

لێرەدا مافی خەڵکە لێتان بپرسن: مادام ئێوە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێڕەوە کارێکی باشە، کەواتە وەرن شانبەشانی ڕاستکردنەوەی ئەو سیاسەتە هەڵەیە، لایەنەکەی دیکەش ڕاست بکەنەوە! ئەویش پەیوەستە بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان کە بەپێی پێشنیازەکانی ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت، پێویستە ئێوە ٥٠%ی داهاتی گومرگ و ١٠٠%ی داهاتی باج و ڕسووماتەکان بدەنە وەزارەتی دارایی عێراق، و پاشان بەپێی یاسای بوودجە پشکی هەرێم بگەڕێندرێتەوە.

ئێوە بیر لە کەمکردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی باج و ڕسوومات بکەنەوە، کە لە هەرێم سێ ئەوەندەی عێراق زیاترە، ئەمە جگە لەوەی کە لە عێراق هیچ ڕسووماتێک نییە بە ناوی کامێرای هاتووچۆ و کارەبای ٢٤ کاتژمێری کە نرخی یەک کیلو وات ١٠ ئەوەندەی عێراق زیاترە و ئێوەش کەمی بکەنەوە و چیتر خەڵکی خۆتان مەچەوسێننەوە، مادام دواجار هەمووی دەچێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق و هەمان ئەو باج و ڕسووماتانە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بوونیان نییە.

*ماستەر لە زانستی ئابووری، نووسەر و چاودێری سیاسی

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 55 Today: 2,040 📊 Click Here