سەیرکراوە: (1.5K)
میدیای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بە ڕێککەوتنی واشنتۆن و تاران، نزیکەی 100 هاووڵاتی ئێرانی لە ئەمریکاوە دیپۆرت کراونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتی ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان دیپۆرت کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە ئەو زانیارییانەی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانییەوە گواستووەتەوە کە خۆیان بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە.
دوو بەرپرسی ئێرانی بە نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، دوێنێ فڕۆکەیەک لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکاوە هاووڵاتییە ئێرانییەکانی گواستووەتەوە بۆ قەتەر و بڕیارە ئەمڕۆ لەوێوە بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران.
ڕۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە کە تا ئێستا ناسنامە و هۆکاری کۆچی ئەو ئێرانییانە بۆ ئەمریکا نەزانراوە.
