سەرچاوەیەکی خۆجێی لە کەرکوک ڕۆژی شەممە ئاشکرای کرد، کە ژنێك سکاڵایەکی یاسایی “سەیر”ی لەسەر هاوسەرەكەی تۆمار کردوە، دوای ئەوەی مێردەکەی دوای قسەی ناشرین سووراوی لێوەکەی شکاندووە.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی (شەفەق)ی ڕاگەیاندووە، “لەلایەن هاوسەرەکەیەوە توندوتیژی کراوەتە سەر، پێش ئەوەی سووراوی لێوەکەی بشکێنێت ئەمەش وایکردووە داوای یاسایی فەرمی تۆماربکات و داوای دەستگیرکردنی بکات”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “دادوەری دادگای کەرکوک پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری پشت سکاڵاکە و بارودۆخی دەستدرێژی مێردەکە بۆ سەر هاوسەرەکەی”.
ڕوونیکردەوە کە “دۆسیەکە بووە هۆی مشتومڕ و جێگەی سەرسوڕمانی خەڵكی، چونکە ڕووداوێکی توندوتیژی خێزانی لەگەڵ ناکۆکییەکی بچووکی خێزانیی تێکەڵکرد کە پەرەی سەند و بوو بە داوای یاسایی فەرمی”.
پارێزگاری کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراق ناوبەناو شایەتحاڵی داوای یاسایی توندوتیژی خێزانی دەبن. ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە زیادبوونی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەکەن بەهۆی فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندنی ناکۆکی خێزانییەکان.
