هەینی. ئازار 20th, 2026

کاتێک نەوت و پۆست لە ژیانی میللەتێک گرنگترە!

سەیرکراوە: (302)

محمد یونس ئەحمەد

ئەگەر دەتەوێت بزانیت وشەی “فەشەلی حوکمڕانی” لە واقیعدا چۆنە، تەنها سەیرێکی هەرێمی کوردستان بکە؛ قەوارەیەک کە زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تێدا کراوە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە حکومەتێک پێکبهێنێت کە خاوەنی شەرعییەت بێت. پارتی و یەکێتی، ئەو دوو حیزبەی کە ٣٠ ساڵە خوێنی ئەم میللەتە دەمژن، ناتوانن لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان ڕێکبکەون، و بەهۆی ئەم ململانێ مافیاییەشەوە تەواوی پڕۆسەی سیاسی، ئابووری، و ژیانی هاوڵاتییانیان ئیفلیج کردووە. ئەمە قەیرانێکی سیاسی نییە، بەڵکو بارمتەگرتنی نەتەوەیەکە لەلایەن دوو بنەماڵەی ئۆلیگارشییەوە کە تەنها خەمی قەڵەوکردنی کۆمپانیاکانی خۆیانە.

کاتێک پارتی بانگەشەی بردنەوەی ٣٩ کورسی و یەکێتیش بانگەشەی ٢٣ کورسی دەکات، ئەوەی لێی بێدەنگن ئەو زللـە گەورەیەیە کە خەڵکی کوردستان لێی دان. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ١.٧ ملیۆن دەنگدەری کورد بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، واتە پارتی و یەکێتی بە هەردووکیانەوە تەنها نوێنەرایەتیی نزیکەی ٣٠٪ی خەڵک دەکەن! ئەمە دیموکراسی نییە، ئەمە حوکمی کەمینەیەکی چەکدارە بەسەر زۆرینەیەکی بێدەنگدا. سەرەڕای ئەم شەرعییەتە لاوازەش، هێشتا غروور و کینەی کەسیی نێوانیان ڕێگەیان پێنادات حکومەتێک بۆ ئەم میللەتە برسییە پێکبهێنن. یەکێتی بە ئاشکرا هەڕەشە دەکات کە هەر حکومەتێک بەبێ مەرجەکانی ئەوان دروست بێت “فەشەل دەهێنێت”، و پارتیش لای خۆیەوە تۆمەتی پەکخستنی پرۆسەکە دەخاتە پاڵ یەکێتی. لەم شەڕەدا خەڵک تەنها وەک ئامرازێک سەیر دەکرێت بۆ سەر سندووقی دەنگدان، و دواتر بەتەواوی فڕێ دەدرێتە دەرەوەی هاوکێشەکە.

کارەساتەکە تەنها لە ناوخۆی هەرێمدا کۆتایی نایەت؛ ئەم دوو حیزبە گەندەڵە بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە تەواوی پێگەی کوردیان لە بەغدا و کەرکوک لەناوبردووە. لە کەرکوک، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دوو دەیەدا کورد زۆرینەی لەدەست دا و بووە هاوتای عەرەب و تورکمان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەرگای بۆ هەژموونی ئێران و میلیشیاکان کردەوە. لە بەغداش، پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی وەستاوە، تەنها لەبەر ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیانەوێت پۆستەکانی بەغدا بکەنە کاڵای مامەڵە بۆ ڕێککەوتنەکانیان لە هەولێر!

کاتێک حیزبێک نەتوانێت لەگەڵ برا کوردەکەی خۆیدا لەسەر یەک مێز دابنیشێت، چۆن دەتوانێت مافی ئەم نەتەوەیە لە دەمی گورگەکانی بەغدا دەربهێنێت؟ ئەم بێئابڕووییە سیاسییە سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی کوردی پێویستی بە چاکسازی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕیشەکێشکردنە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 48 Today: 472 📊 Click Here