سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ەمەودوا کار بە واژۆی ئەلکترۆنی بکرێت و دەڵێت”بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و بەرتیل و گەندەڵی ئەم هەنگاوە دەگرینە بەر”.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، لە بلاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی بە دەستپێکردنی واژۆی ئەلیکترۆنی بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت، کەرتی تایبەت، و هاووڵاتیان.
بەپێی بڵاوکراوەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردوەتەوە ئەم ڕێوشوێنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین بەڵێنەکانی حکومەت بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی و ئۆتۆماتیککردن و سادەکردنی ڕێکارەکان، بەهۆی کاریگەرییە بەرچاوەکانی لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی گەندەڵی کارگێڕی و دارایییە.
ڕوونیشی کردەوە، “ئەم ڕێوشوێنە کە بە فەرمی لە ئاستی جیهانیدا دانپێدانراوە، متمانەی هاووڵاتیان بە ڕێکارەکانی دەوڵەت و دامودەزگاکانی بەرز دەکاتەوە لە پەسەندکردنی ئەم جۆرە مامەڵە دیجیتاڵی و حکومییە، کە سەرجەم مامەڵەکانی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت دەگرێتەوە”.
ناوبراو ستایشی “هەوڵەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکان دەکات، کە پێداویستییەکانی بۆ ئەم هەنگاوە ئامادەکردووە، بە دامەزراندنی سەنتەری داتا و ڕاهێنانی کارمەندانی تایبەتمەند بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردن”.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەت لەبواری گۆڕینی دیجیتاڵیدا بەچەند ئاراستەیەکدا دەڕوات، جا چ لە دامەزراندنی هەیکەلی کارگێڕی و ناوەندە تایبەتمەندەکان، چ لە ڕاکێشانی بەهرەمەندەکان، یان هەنگاونان بەرەو وەرگرتنی ڕێگەی ئەلیکترۆنی بۆ پرۆسێسکردنی مامەڵەی هاووڵاتی لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکان، بە ئامانجی ئەنجامدانی مامەڵەی هاووڵاتی بەپێی نوێترین شێوازەکان، بەشێوەیەک کە ئامانجەکانی حکومەت لە چاکسازیی کارگێڕیدا بەدیبهێنێت”.
