چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

کارەساتی لاجان؛ کاتێک “فیشەک و تۆپی قورس” وەڵامی داواکاریی “نان و کار” دەداتەوە

سەیرکراوە: (1.3K)

محمد حوسێن مەولوود 

ڕۆژی ٢٩ی ١١ی ٢٠٢٥، لاپەڕەیەکی دیکەی ڕەش و خوێناوی لە مێژووی دەسەڵاتداریی هەرێمی کوردستان تۆمار کرا. ئەمجارەیان لە گوندی “لاجان”، لەو شوێنەی کە دەبوو سەرچاوەی خێر و خۆشی بێت بۆ دانیشتوانەکەی بەهۆی بوونی کۆمپانیاکانی پاڵاوگە، بەڵام بوو بە گۆڕەپانی جەنگێکی نایەکسان لە نێوان هاووڵاتیانی سڤیل و دەسەڵاتێکی سەرکوتکەر.

هاووڵاتیانی گوندی لاجان، بە شێوەیەکی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی ڕژانە سەر شەقامەکان. داواکارییەکەیان سادە و ڕەوا بوو: جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە حکومەت پێی دابوون بۆ دامەزراندنیان لەو پاڵاوگانەی کە لەسەر خاکەکەی ئەوان قازانج دەکەن و دووکەڵەکەی پشکی ئەوانە. بەڵام وەک هەمیشە، بەڵێنەکانی ئەم دەسەڵاتە تەنها “بەندی سەر ئاو” بوون.

لە جیاتی ئەوەی نوێنەری حکومەت بە گوڵ و هەواڵی دامەزراندنەوە بچێتە پێشوازی گەنجانی بێکار، وەڵامەکە شۆککەر و دڕندانە بوو. هێزە ئەمنییەکان بە فیشەک وەڵامی ئەو دەنگە ناڕازییانەیان دایەوە کە تەنها داوای مافی ژیانیان دەکرد. لە ئەنجامدا، خوێنی چەندین هاووڵاتی بێتاوان ڕژا و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە زەبری هێز ڕاپێچی زیندانەکان کران.

بەڵام تاوانەکە لێرەدا کۆتایی نەهات. ئەم حکومەتە کە سیفەتی “ترسنۆک” شایستەترین پێناسەیە بۆی، بەوەشەوە نەوەستا. هێزی سەربازی بە چەکی قورس و زرێپۆشەوە ناردە سەر گوندێکی مەدەنی! دیمەنەکە لە داگیرکاری دەچوو نەک پاراستنی ئاسایش. بە زەبری چەک، دانیشتوانی گوندی لاجانیان لە زێدی خۆیان دەرکرد و ئاوارەیان کردن. ئەمە تاوانێکە کە تەنها لە ڕژێمە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکان دەوەشێتەوە.

ئەم ڕووداوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پارتی و یەکێتی، دوو حوکمڕان نین، بەڵکو دوو هێزی دیکتاتۆر و خۆسەپێنن. سیستەمەکەیان سیستەمێکی “خێڵەکی، دز و چەتەگەرییە” کە زمانی دیالۆگ نازانێت، تەنها زمانی چەک و سەرکوتکردن نەبێت. ئەوەی ئەم دوو حزبە بە گەلی کوردیان کردووە لە ماوەی حوکمڕانیاندا، تەنانەت دوژمنە مێژووییەکانی کوردیش شەرمیان کردووە بیکەن. ئەوان نیشتمانیان کردووە بە سەربازگەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و کۆمپانیاکانیان، نەک بۆ خزمەتی خەڵک.

ئەمڕۆ کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە. کاتێک دەسەڵات دەگاتە ئەو ئاستەی بە تۆپ و تانک پەلاماری خەڵکی خۆی بدات لەبەر داواکردنی “کار”، ئیتر هیچ شەرعییەتێکی بۆ نامێنێتەوە.

لێرەوە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی خاوەن بڕیار دەکەین کە چیتر بێدەنگ نەبن. پێویستە دەستوەردانی بەپەلە بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم کوشتار و دەرکردنە. نابێت ڕێگە بدرێت ئەم دوو هێزە بە ئارەزووی خۆیان خەڵکی مەدەنی بچەوسێننەوە و وڵات بەرەو هەڵدێر بەرن. بێدەنگی جیهان لە ئاست ئەم تاوانانە، بەشداریکردنە لە کوشتنی خەونی ئازادی و دادپەروەری لە کوردستاندا.

بە کورتی: ئەوەی لە لاجان ڕوویدا، کۆتایی هەموو ماسکەکانی دەسەڵات بوو؛ ئەمانە حوکمەت نین، بەڵکو دوو دیکتاتۆری بێبەزەیین.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 122 Today: 616 📊 Click Here