سەردانی ئەمڕۆی مەزڵوم عەبدی بۆ دیمەشق دواخرا و هەسەدەش دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە دواخستنەکە بەهۆکاری هونەرییە.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری وڵاتەکە کۆببیتەوە، بەڵام هەسەدە دواخستنی سەردانەکەی ڕاگەیاند.
هەسەدە وتویەتی، بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ شاندی دانوستانکاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەردانی دیمەشق بکەن، بەڵام بە هۆکاری هونەریی سەردانەکە دواخراوە.
هەسەدە وتوشییەتی، دواتر وادەیەکی نوێ دیاری دەکرێت بۆ سەردانیکردنەکە، کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری ڕێکبکەون.
هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دواخستنە پەیوەستە بە ڕێکخستنە لۆجستی و هونەرییەکانی سەردانەکە و هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکان یان ئامانجەکانی گفتوگۆکان ڕووینەداوە.
