مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەربەبەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، کەسێکیان دەستگیرکرد کە 19 سەر ئاژەڵی دزی بوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تیایدا هاتووە: دوای ئەوەی هاووڵاتییەک پاش ئەوەی هاووڵاتیەك سكاڵای تۆمار كرد كە 19 سەر ئاژەڵی لێ دزراوە لە قەزای سەید سادق، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسیەکە وەرگیراو لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد، سەرەنجام توانرا لەماوەی كەمتر لەچەند كاتژمێرێكدا لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیر بكرێت.
باسی لەوەشکردووە: تۆمەتبار (ر، ر، ق لە دایکبووی 1997) دانی بەتاوانەكەیدا ناوە كە ئاژەڵەکانی بەئۆتۆمبێلێک گواستۆتەوە و لە شارەزوور فرۆشتویەتی، توانرا دەست بەسەر ئۆتۆمبیلەكەو بەشێك لە ئاژەڵە دزراوەكاندا بگیرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (444) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. هەروەها بەبڕیاری دادوەر دەست بەسەر ئۆتۆمبیلەکەو ئاژەڵە دزراوەكاندا گیراوە، دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، ئاژەڵەکان بۆ خاوەنەکەی گەڕێندرایەوە.
