پێنجشەممە. نیسان 2nd, 2026

ھێرشی مووشەکی و ڕاوەستانی ھەناردەی نەوت قەیرانی عێراق قووڵتر دەکەنەوە

سەیرکراوە: (19)

ململانێی بەردەوامی ناوچەکە و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ناسەقامگیرییەکی ئەمنیی لە ناوچەکە دروستکردووە و کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر کەرتی نەوت و ئابووریی لە عێراق.

لە ٢٨ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ڕابەری باڵای وڵاتەکە و چەندین بەرپرس و کاربەدەستانی وڵاتەکەیان بە ئامانج گرت و تا ئێستاش هێرشەکان بۆسەر ئامانجەکانی یەکتر بەردەوامە و بەهۆیەوە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر دۆخی ئەمنیی و ئابووریی ناوچەکە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

پچڕانی ڕێگا سەرەکییەکانی ھەناردەکردن و ناچاربوونی کەمکردنەوە و داخستنی چەندین کێڵگەی بەرھەمھێنانی نەوت، عێراقی ڕووبەڕووی زیانێکی دارایی بەرچاو کردووەتەوە، ھاوکات شارەزایانی بواری ئابووریی و سەربازیی، ھۆشداری دەدەن لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم دۆخە، ئەوا ڕەنگە بارودۆخی ئێستا بەرەو قەیرانێکی سەختتری ئابووریی و ئەمنیی قووڵ ببێتەوە.

د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی بواری نەوت و وزە لەبارەی کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت: “لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق وەستاوە کە بووە هۆی لەدەستدانی سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە لە بەندەری بەسڕە هەناردە دەکرا بە ڕێگای کەنداو و گەرووی هورمز، هەروەها داهاتی ئەو نەوتە زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار بوو ڕۆژانە، ئێستا کە ماوەی مانگێکە ڕاگیراوە زیانەکەی زیاتر لە حەفت ملیار دۆلارە، ئەو بڕە پارەیە دەکاتە سەدا ٩٥ی داهاتی نەوتی هەروەها دەکاتە سەدا ٩٠ی داهاتی عێراق بەشێوەیەکی گشتی”.

گۆڤەند شێروانی وتیشی: “عێراق تەنیا یەک ڕێگای هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئەویش بەڕێگای بۆڕی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، ئەویش ڕۆژانە تەنیا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان کە ڕۆژانە دەکاتە بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلار و مانگانە دەکاتە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش دەکاتە کەمتر لە سەدا حەفتی ئەو داهاتەی کە پێشتر هەبوو بۆ عێراق، بێگومان ئەمەش کێشەیەکی گەورە دروست دەکات و دەبێتە قەیرانێکی سەخت بۆ ئابووری عێراق”.

لەبارەی ئەو کێڵگە گەورانەی کە بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرتووە، د. گۆڤەند شێروانی وتی: “ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە عێراق و هەرێم هەیە و بەهۆی ئەم دۆخەوە ڕاوەستاون، وەک کێڵگەی، ڕومێڵە و زوبێر لە عێراق کە ئەو بەرهەمەی کەمکرایەوە لە چوار ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل، واتا نزیکەی ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل کەمکرایەوە و ئەمەش زیانێکی گەورەیە. لە هەرێمی کوردستانیش دوای هێرشەکان، چەندین کێڵگە بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێن ڕاوەستان، بەشێکی کەم هەیە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، هەروەها ئەو ٢٠٠ هەزار بەرمیلەی کە نەوتی هەرێم بوو، لە ساڵی ڕابردووەوەوە ئەمە ڕاوەستاوە و تەنیا بەشێکی کەم بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بەرهەم دەهێندرێت، هەرێم ئەو کێڵگانەی زیاتر بە ئامانج گیراون بریتییە لە کێڵگەی تاوکێ لە پارێزگای دهۆک کە ڕۆژانە بەرهەمهێنانی ٧٠ هەزار بەرمیلە، هەروەها شێخان کە بەرهەمی ڕۆژانەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار بەرمیلە، هەروەها چەند کێڵگەیەکیش لە پارێزگای سلێمانی کە بە گشتی نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بەڵام هەرێم پێویستی بە ٨٠ هەزارە و دواجار ڕێککەوتن کە ئەم پێویستییە ناوخۆییە بکرێتە ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکان، هەرچەندە پاڵاوگەکان توانایان هەیە تا ٢٥٠ هەزار بەرمیل وەربگرن و ئەوکاتە سوودی دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق.

د. گۆڤەند شێروانی وتیشی: “کۆمپانیا بیانییەکان بەداخەوە کرانە ئامانج لە ناوچەی بەسڕا و هەرێم، بۆیە کارەکانییان ڕاگرت یان کەمیان کردەوە و بەشێکیان وڵاتیان بەجێهێشت بە تایبەت ئەمریکی و فەڕەنسی و ئەوانی دیکە، ئەوانە هەموو گرێبەستیان هەیە لەگەڵ عێراق تا بەرهەمەکەی زیاد بکەن بۆ شەش ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بەڵام لە دوای دەرچوونی کۆمپانیاکان، ئەوانیش ناتوانن پابەند بن و عێراقیش ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی کە پلانی بۆ دانابوو”.

لەبارەی بەراوردکارییەکانی نرخی نەوت پێش جەنگ و دوای جەنگ، د. گۆڤەند شێروانی وتی: “پێش جەنگ بەرمیلی نەوت لە خوار ٧٠ دۆلار بوو، ئێستا لە ١١٠ دۆلار زیارە، واتا نزیکەی سەدا ٧٠ زیادیکردووە، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی زۆرە، بۆیە شۆکێک و پشێوییەکی زۆری لە بازاڕەکانی نەوتی جیهان دروستکردووە و کاردانەوەی لەسەر هەموو سێکتەرەکانیشدا هەیە.

دوای داخستنی گەرووی هورمز، عێراق بۆ هەرناردەکردنی نەوتەکەی، ڕێڕەوی گۆڕی و ئێستا نەوتەکەی لە ڕێگای بۆڕی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە، لەمبارەیەوە د. گۆڤەند شێروانی وتی: “ئەم ڕێڕەوگۆڕینەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ناچارییە، دەبوو پێشترعێراق بیری بکردایەوە و پلانی هەبووایە کە چەندین ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی هەبووایە، ساڵی ١٩٥٢ هێڵێک هەبوو لە نێوان عێراق و سووریا کە ڕۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیلی دەگواستەوە بۆ بەندەرەکانی بانیاس لە سووریا و تەڕابلوس لە لوبنان، بەڵام ئەم بۆڕییە نزیکەی ٤٠ ساڵە لەکارکەوتووە و نۆژەن ناکرێتەوە. هەروەها دەبێت ئەو بۆڕییەی بەندەری جەیهان نۆژەن بکرێتەوە چونکە توانای یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە و ئەگەر توانرا لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەم بۆڕییە چارەسەر بکرێت، ئەوا عێراق دەتوانێت یەک لەسەر سێی داهاتی خۆی مسۆگەر بکات”.

هاوکات شارەزایەکی بواری سەربازیی ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەوەی عێراق کەوتووەتە ناوەڕاستی جەنگەکە بۆیە کاریگەریی سەربازیی و ئەمنیی جەنگی لەسەرە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک هێشتا توانای دروستکردنی مووشەک و چەک و تفاقیان هەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لە هەمانکاتدا هەردوو ماندووبوونە و فشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن.

لەو بارەیەشەوە د. عەزیز موفتی، فەریق ڕوکنی خانەنشین و شارەزای بواری سەربازی، دەڵێت: “جەنگ لە هەرجێگایەک هەبێت کاریگەری لەسەر دەوروبەر دەبێت، ئێمە لەناوەڕاستی جەنگەکەداین، چونکە زۆر لەوانەی لە بەغدان و پاڵپشییکاری ئێرانن ئەمەش تووشمان دەکات و پڕیشکی ئەو جەنگەمان بەردەکەوێت”.

لەبارەی هۆکاری بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، د. عەزیز موفتی وتی: “پێشتر جەنگ بە هێز و بە چەک دەکرا، ئێستا جەنگ بە تەکنەلۆژیا و ئابووریی دەکرێت، ئەو ئابوورییەی کە ئەم چەکانە بەڕێوەدەبات پارەکەیە، بۆیە بابەتی نەوت زۆر گرنگە و هەر بۆیەش زیاتر سەرنجخراوەتە سەر وزە”.

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، تا ئێستا نزیکەی ٤٦٠ هێرشی دڕۆنیی و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە نزیکەی ٣٧٠ هێرش بۆ سەر پارێزگای هەولێر بووە و بەهۆیەوە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت کارەکانییان ڕاگرتووە و سیستەمی خوێندنیش لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و بەشێک لە هێرشەکان ئێران لە ئەستۆی گرتووە و ژمارەیەکی زۆری ئەنجامدانی هێرشەکانیش، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە کە بە نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێت، لە ئەستۆیان گرتووە.

لەبارەی بەردەوامیی هێرشی گرووپەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، د. عەزیز موفتی وتی: “پێدەچێت هێشتا توانای هێرشیان هەبێت و شوێنێکیان هەبێت بۆ دروستکردنی پێداویستییەکانییان، بۆخۆشیان لە ئاستی باڵا (ئێرانییەکان) دانیان بەوەدا ناوە کە سەرووی سێ هەزار مووشەکی بالیستیان هەیە، بۆیە ئاسان نیە کە زوو تەواو بێت، لە بەرامبەریشدا دوژمنەکانی ئێرانیش هەمان شتە خۆ خەزێنەیەکی بەردەوامیان نیە، ئەوەی بیستمان لە هەواڵەکان، خێرایی ئێران لە دروستکردنی مووشەکدا، لەوانی دیکە زیاترە، بۆیە هەر دەبێت بگاتە کۆتایی و بوەستێت چونکە لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ هەردوولا زیانی زیاتر بوو لە قازانج”.

ئەگەرچی تا ئێستا هاوپەیمانان بەرپەرچی ژمارەیەک لەو هێرشانە دەدەنەوە کە دەکرێتە سەریان و شەوانە دەنگی بەرز لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەبیسترێت و دڕۆنەکان دەخرێنە خوارەوە، بەڵام هێشتا ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەن هاووڵاتییانی مەدەنی هەیە و هەندێکجار پارچەی ئەو دڕۆنە تێکشکاوانە دەکەونە سەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی سڤیل.

لەمبارەیەوە د. عەزیز موفتی وتی: “ئەو هێرشانەی دەکرێن بە دڕۆن یان مووشەکە، هاوپەیمانان چەک و ڕاداری زۆر پێشکەوتوویان هەیە، دەتوانن بەرپەرچی هێرشەکان بدەنەوە بەڵام تا کەی دەتوانن، ئەوە پرسیارەکەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویست بوو ئێمەش بەرگرییەکی ئاسمانیمان هەبووایە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەو مووشەک و دڕۆنانە بکات کە هاتوچۆی پێدا دەکەن، بێگومان دەبوو بەغدا ئەوەی بکردایە و هەرێمیش وەک بەشێک لە عێراق دەبوو ئەو توانایەی پێبدرابووایە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوە”.

د. عەزیز موفتی وتیشی: “لە تاکتیکی سەربازییدا، دەبێت زانیاریی تەواو لەسەر بەرامبەرەکەت کۆ بکەیتەوە، بۆیە دەبوو هاوپەیمانان ئەوانەیان بۆ ئێمە ڕوونبکردایەوە (هێرشە دڕۆنیی و مووشەکییەکان)، چونکە بەرگریی هەر ئەوە نیە کە شوێنێک پێشمەرگەی بۆ دابنێی بۆ پاراستنی، بەڵکو لە ژووری عەلەمیاتی سەربازی تابلۆیەک هەڵواسراوە کە چەند خانەیەکی تێدایە و هەر خانەیەک بۆ ئامانجێکە و دەبێت شیکردنەوەی تێدا بکرێت و لە کۆتاییشدا بزانیت هێزی وریایی و هەستیار لە کوێدایە، هاوپەیمانان ئەوانەیان بۆ ئێمە نەکرد”.

لەبارەی پێشبینی بۆ جەنگەکەش، د. عەزیز موفتی وتی: “من پێشبینی ١٢ ڕۆژم کردبوو، پێشبینییەکەم وا دەرنەچوو، بۆیە ئێستا جەنگەکە دەبێت بگاتە کۆتایی، کۆگاکان و خەڵکەکەش ماندووبوونە، ئەورووپاش هاوڕای ئەمریکا نیە، چونکە شەڕەکە دژی یاسای نێودەوڵەتیی بوو لەکاتی دانوستاندا ڕوویدا، بۆیە فشارێکی زۆر لەسەر هەموویان هەیە بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە”.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 183 Today: 2,506 📊 Click Here