دووشەممە. نیسان 13th, 2026

یاسای خانەنشینی هەموار دەكرێت و مووچە زیاد دەكرێت

سەیرکراوە: (881)

لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوو شەممە (13ی تشرینی یەکەمی 2025)، پێشنیازێکی نوێی خستەڕوو بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە تێیدا داوای کردووە مووچەی گشتی فەرمانبەران لە کاتی خانەنشینبووندا بە تەواوی هەژمار بكرێت نەک تەنها لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتییان بێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دادپەروەری لەگەڵ خانەنشینان و باشترکردنی گوزەرانیان، لە چوارچێوەی هەموارکردنێکی گشتگیر بۆ یاسای خانەنشینی یەکگرتوو.

محەمەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، “خانەنشینان چینێکی گەورە و گرنگی کۆمەڵگەی عێراقین، کاتی ئەوە هاتووە کە پێداچوونەوە بە یاساکانی خانەنشینیدا بکرێتەوە بە شێوەیەک کە لەگەڵ گۆڕِانکارییە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیاندا بگونجێت”.

ئاماژەی بەوەشدا کە “لیژنەکە پێشنیازێکی تەواوی ئامادەکردووە، کە تێیدا میکانیزمی ڕوون بۆ حیسابکردنی خزمەت و تەرخانکراوە داراییەکان لەسەر بنەمای كۆی مووچەی فەرمانبەر دانراوە نەك تەنها مووچەی بنەڕەتی”.

دەشڵێت: “پێشنیازەکە بریتییە لە ئامادەکردنی خشتەیەکی ورد کە تێیدا ڕوون دەکرێتەوە چۆنیەتی حیسابکردنی شایستە خانەنشینییە نوێیەکان، لەوانەش ئەو فەرمانبەرانەی کە لە قۆناغەکانی پێشوودا خانەنشین کراون، چونکە جیاوازییەکانی مووچەیان چارەسەر دەکرێت لە ڕێگەی قیستی داراییەوە کە بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش دەکرێت، هەروەها پێشنیازەکە ڕێکخستنی پرۆسەی حیسابکردنی خزمەت بۆ فەرمانبەرانی نوێ دەگرێتەوە بە شێوەیەک کە دادپەروەری لە نێوان هەموو چینەکاندا مسۆگەر بکرێت”.

عەنوز جەختی لەوە کردەوە کە “لیژنەی یاسایی لە ڕێگەی ئەم هەموارکردنەوە هەوڵ دەدات ئاستی بژێوی خانەنشینان بەرز بکاتەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی بهێنێت”.

ڕوونیشی کردەوە کە “یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی ناو پێشنیازەکە بریتییە لە چالاککردنی پارەی سندوقی خانەنشینی و وەبەرهێنانی لە پڕۆژە ئابوورییە گەرەنتییەکاندا، کە قازانجی بەردەوام بەدەست دەهێنن”.

ئاشكراشی كردووە، کە “ئەم قازانجانە دەتوانن سوودی ڕاستەوخۆیان بۆ خانەنشینان هەبێت لە شێوەی هاندانە داراییەکان یان زیادکردنی خولی، کە ئەمەش باری سەرشانی بودجەی گشتی کەم دەکاتەوە و توانای بەردەوامبوون بە سندوقەکە دەدات بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی”.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لە “پێویستیی نەبوونی جیاوازی لە نێوان خانەنشینانی پێش ساڵی 2003 و دوای ئەو ساڵەدا” کردەوە، بەوپێیەی “هەمووان خزمەتی دامەزراوەکانی دەوڵەتیان کردووە و بەشدارییان لە بنیادنانی وڵاتدا کردووە، بۆیە دەبێت مافەکان یەکسان بن بەبێ جیاوازی کاتی یان پیشەیی”.

داواشی کرد “یاسای نوێ دابنرێت کە ژیانێکی شایستە بۆ خانەنشینان دابین بکات و لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی کە لە دەستووردا هاتوون، بگونجێت”.

عەنوز وتیشی: “لیژنەی یاسایی چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە لەسەر پێشنیازەکە دوای خستنەڕووی بۆ وەزارەتی دارایی، کە لایەنە دارایی و کارگێڕییەکانی هەموارکردنە پێشنیازکراوەکە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە، بەتایبەتی لەبارەی تەرخانکردنە پێویستەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر بودجەی گشتی دەوڵەت”.

ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: “ئامانج لەم هەنگاوانە دانانی بناغەی واقیعییە بۆ پەرەپێدانی سیستەمی خانەنشینی لە عێراق و گۆڕینی بۆ سیستەمێکی بەردەوام کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگە ئابوورییەکان ببێتەوە، لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی پارەی سندوقەکە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و وەبەرهێنان، بە شێوەیەک کە مافی خانەنشینان مسۆگەر بکات و هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندی دەوڵەت و هاووڵاتیاندا بپارێزێت”.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 223 Today: 825 📊 Click Here