بەپێی بەڵگەنامە دادوەرییەکان، نزیکەی 20 ویلایەتی ئەمریکا سکاڵا لەسەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تۆمار دەکەن بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامێکی یارمەتی بە بڕی 7 ملیار دۆلار کە ئامانجی بوو وزەی خۆر لە کۆمەڵگە کەم دەرامەتەکاندا پەرە پێبدات.
ڕۆب بونتا، داواکاری گشتی ویلایەتی کالیفۆرنیا، ڕایگەیاند، دوو سکاڵای وەرگرتووە کە لەلایەن کۆمەڵێک ویلایەتەوە تۆمار کراون کە یارمەتییان لە پڕۆگرامی “وزەی خۆر بۆ هەمووان”ی سەر بە ئاژانسی پاراستنی ژینگە وەرگرتبوو.
بونتا جەختی لەوە کردەوە کە کالیفۆرنیا نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار لەو پارانەی کۆنگرێس بۆ پڕۆگرامەکە تەرخانی کردووە، لەدەست دەدات و وتیڵ “ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات ئێمە لە ڕابردوودا بهێڵێتەوە کە بە کۆمپانیاکانی سووتەمەنی فۆسیلیەوە بەستراوەتەوە، بەمەش ترەمپ ئەمریکا گرانتر و پیستر دەکات.”
لی زیلدین، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، لە مانگی ئابی ڕابردوودا کۆتاییهاتنی پڕۆگرامەکەی ڕاگەیاند. لە کاتێکدا ئاژانسەکە لە پەیامێکی ئەلیکترۆنیدا ڕایگەیاند کە لێدوان لەسەر سکاڵا هەڵپەسێردراوەکان نادات.
لە لایەکی دیکەوە، کریس مایز، داواکاری گشتی ویلایەتی ئەریزۆنا، ڕایگەیاند کە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامەکە کاریگەری لەسەر 900 هەزار خێزانی کەم دەرامەت لە سەرانسەری وڵاتدا دەبێت و وتی: “بێ ئەم پڕۆگرامە، دەستکەوتنی وزەی خاوێن بۆ زۆرێک لە دانیشتووانی ئەریزۆنا ئەستەم دەبێت.”
هەروەها، نزیکەی11 هەزار خێزانی کەم دەرامەت لە ویلایەتەکەدا بە بڕی 20% تێچووی پسوولەی وزەیان بەرز دەبێتەوە، دوای ئەوەی ویلایەتەکە 156 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆگرامی وزەی خۆر لەدەست دا.
ئەم سکاڵا یاساییە یەکێکە لە دەیان سکاڵای دیکە کە لەلایەن 23 داواکاری گشتی دیموکرات لە وڵاتەکەدا لە دژی ئیدارەی ترەمپ تۆمارکراون سەبارەت بە پرسە جۆراوجۆرەکان، لە ڕاگرتنی یارمەتییە فیدراڵییەکانەوە تا کۆچ و بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لە شارەکان.
