شەممە. ئازار 14th, 2026

2025 نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکردنی یەکێک لە گەرمترین ساڵەکانی مێژوو

Vector illustration concept ecological clean planet against pollution environmental
سەیرکراوە: (1.6K)

بەپێی زانیارییەکانی خزمەتگوزاری کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، سەر بە یەکێتی ئەوروپا، مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 سێیەم گەرمترین مانگی تشرینی یەکەمی جیهان بووە لە مێژوودا. هاوکات، کۆپەرنیکۆس و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کەشناسی پێشبینی دەکەن کە ساڵی 2025 ببێتە دووەم یان سێیەم گەرمترین ساڵ لەوەتەی تۆمارکردنی داتاکان دەستی پێکردووە.

گەرمیی تشرینی یەکەم: مانگی تشرینی یەکەمی 2025، تێکڕای پلەی گەرمی ڕووی هەوای گەیشتە 15.14 پلەی سەدی، کە ئەمەش 0.70 پلەی سەدی لەسەرووی تێکڕای ساڵانی 1991-2020 بۆ هەمان مانگ بوو. ئەم داتایانە لە ڕێگەی ملیارەها پێوانەوە کۆکراونەتەوە لە مانگە دەستکردەکان، کەشتییەکان، فڕۆکە و وێستگەکانی کەشناسی جیهان.

پێگەی ساڵی 2025: کۆپەرنیکۆس دەڵێت، بە دڵنیاییەوە ساڵی 2025 کۆتایی بە خۆی دەهێنێت وەک دووەم یان سێیەم گەرمترین ساڵ، کە ڕەنگە هاوشێوەی ساڵی 2023 بێت (کە ئێستا دووەم گەرمترین ساڵە)، و لەدوای ساڵی 2024ـەوە بێت، کە گەرمترین ساڵە لەوەتەی تۆمارکردنی داتاکان دەستی پێکردووە.

سەرووی ئاستی پیشەسازی: مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بە ڕێژەی 1.55 پلەی سەدی لەسەرووی ئاستی پێش شۆڕشی پیشەسازی (نێوان 1850-1900) بوو. ئەمەش دەیکاتە یەکەم مانگ کە پلەکانی گەرما لەدوای نیسانی 2025ـەوە، 1.50 پلەی سەدی تێپەڕێنێت.

کۆپەرنیکۆس ڕایگەیاندووە، ئەم ئەنجامانە “خێرابوونی گۆڕانی کەشوهەوا” دەردەخەن، کە بەهۆی سوتاندنی سووتەمەنییە بەردینەکانەوە گازی گەرمخانەیی دەردەکرێت و پلەی گەرمی جیهان بەرز دەکاتەوە.

سامانسا بێرگەس، بەرپرسی ستراتیژی کاروباری کەشوهەوا لە کۆپەرنیکۆس، ڕایگەیاند، “ئێمە ئێستا لەو دەیەیەداین کە بە ئەگەری زۆر سنووری 1.5 پلەی سەدی تێدەپەڕێنین، ئەمەش خێرایی گۆڕانی کەشوهەوا و پێویستیی بەپەلە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن نیشان دەدات.”

گرنگیی ئاستی 1.5 پلەی سەدی لەوەدایە کە ئاستێکی هەستیارە بۆ خۆپاراستن لە خراپترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. تێپەڕاندنی ئەم سنوورە بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی دیاردە کەشوهەواییە توندەکان، وەک لافاو، وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، زیاد دەکات، کە دەکرێت ببێتە هۆی قەیرانی جیهانی. ئەم ئامانجە بنەمای ڕێککەوتنامەی پاریس بۆ کەشوهەوا پێکدەهێنێت.

پڕۆفیسۆر سێلێست ساوڵۆ، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی جیهانیی کەشناسی، دووپاتی کردەوە، “ئەم زنجیرە پلەی گەرمی بەرزەی بێوێنەیە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێوانەیی ئاستی گازی گەرمخانەیی لە ساڵی ڕابردوودا، ڕوونی دەکاتەوە کە سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهانی بۆ 1.5 پلەی سەدی بەبێ تێپەڕاندنی ئەو ئاستە بۆ ماوەیەک لە ساڵانی داهاتوودا نزیک دەبێتەوە لە مەحاڵ.”

ئەم داتایانە لە کاتێکدا دێن کە کۆنفرانسی جیهانی کەشوهەوا (COP) لە بەڕازیل بەڕێوەدەچێت، کە گرنگی دەدات بە هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمیی جیهانی لەژێر 1.5 پلەی سەدیدا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 29 Today: 51 📊 Click Here