بە مەبەستی تیشک خستنە سەر قەبارەی کارەساتە شاراوەکان و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ململانێکان، ڕێکخراوی داکۆک چالاکییەکی ناڕەزایەتیی گرنگی لە حەوت شار بەڕێوەبرد. لە سەنتەری ئەم چالاکییەدا، ئامانجەکە ڕوونکردنەوەی ئەو داتەپینە گەورەیە بوو کە لە ڕەوشی ئاسایش، باری دەروونی، و ژێرخانی ئابووریی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا ڕوویداوە لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی جەنگی هەرێمیدا.
لێدوانى بەشداربوان لە شارى بێرمینگهام
هێرشە بێپاساوەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە بەرەی ئێرانی لە ڕێگەی موشەک و درۆنەوە بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، ژینگەیەکی پڕ لە مەترسی و ناسەقامگیرییان دروستکردووە. ئەم ڕەوشە بووەتە هۆی وەستانی جووڵەی بازرگانی و بێئومێدبوونی گەنجان لە داهاتووی خۆیان. ڕێکخراوی داکۆک بەتوندی ئیدانەی ئەوەی کرد کە سەرەڕای ئەم دۆخە خنکێنەرە، دەسەڵاتدارانی ناوچەکانی زەرد و سەوز زۆر بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکەن و خەمی چارەسەرکردنی قەیرانەکانیان نییە بەرامبەر بە ژیانی خەڵک. هەروەها، بێدەنگیی حکومەتی عێراقی گەورەترین هۆکارە بۆ بەردەوامبوونی ئەم ستەمە لەسەر خەڵکی کوردستان. لە جیاتی ئەوەی بەغدا پارێزەری سەروەری و ژیانی هاوڵاتیان بێت بەرامبەر هێرشی دەرەکی، بووەتە تەماشاکەری باڵادەستیی گروپە توندڕەوەکان کە چۆن یاری بە ئارامیی وڵاتەوە دەکەن. پەیامی داکۆک لەو حەوت شارەوە ئەوە بوو کە باجی ئەم جەنگە نابێت لەسەر شانی خەڵکی فەقیر و هەژار بێت، و دەبێت تەواوی لایەنە حکومییەکان بەپەلە پلانێکی نیشتمانی دابڕێژن بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لەم ململانێیە.







