سێشەممە. ئازار 3rd, 2026

کابینەی ١٠ و چەند راستییەک…

سەیرکراوە: (9.1K)

محەمەد زەبار

‎دوای ساڵێک و دوو مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نە پارتی و نە مەسرور بارزانی بەلایانەوە گرنگ نییە کابینەی ١٠ پێکدێت یاخوود نا، چونکە تا ئێستاشی لەسەر بێت خۆی هەر سەرۆکی حکومەتە و ئەگەر کابینەی نوێش پێکبێت هەر خۆی سەرۆکی حکومەت دەبێت و درێژەپێدەری ئەم کابینەیە دەبێت، بەکوردیەکەی هەمان تاس و حەمام!

‎دامەزراوەی تەشریعی کە هاوکات چاودێرە بەسەر حکومەتدا، سێ ساڵە لە هەرێم بوونی نەماوە. بەناو سەرۆکی حکومەتیش خۆی لە هیچ کەموکوڕییەک بە بەرپرسیار نازانێت. بە پێچەوانەوە کارە باشەکان بۆ خۆی دەبات و ئۆباڵی خراپەکانیش دەخاتە ئەستۆی خەڵکەوە!

لەم چەند رۆژەی رابردووشدا، پارتی و یەکێتی هاوشێوەی سەردەمی دوو ئیدارەیی بەجیا رێگرییان لە دوو بەرپرسی باڵای حزبەکانیان کرد، یەکێتی بچێتە هەولێر و پارتیش بێتە سلێمانی، لەم نێوەندەشدا بۆنی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ دووبارە باڵی کێشاوەتەوە بەسەر ئەم هەرێمە ٣ پارێزگاییەدا! وەک چۆن لە ٩٦ پارتی بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی کڕی و لە لە پەرلەمان بە ٥٠+١ حکومەتی پێکهێنا، دواتریش یەکێتی لە سلێمانی جەلال تاڵەبانی کرد بە سەرۆکی هەرێم و ئیدارەی سەوزی راگەیاند، دووبارە پارتی هەڕەشەی پێکهێنانی حکومەتێک دەکات بێ یەکێتی، ئەمەشیان چەندین جار بەرپرسانی یەکێتی هەرەشەیان لە پارتی کردووە ( بەتایبەت مەسەلەی غازەکەی چەمچەماڵ کە نەک هەر دەیگرنەوە بەڵکوو دەشی تەقێننەوە!).

ئەوەی لەم نێوەندەدا زەرەمەندی یەکەمە نە پارتییە نە یەکێتی، بەڵکوو خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمە، چونکە بە نەبوونی حکومەتێکی شەرعی و موئەسەساتی وەک پەرلەمان و دامەزراوەکان، سەر دەکێشێت بۆ دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ! لەم حاڵەتەشدا هیچ هێزێکی ئیقلیمی و جیهانیی بە حکومەتی عێراقیشەوە، ئامادە نییە دان بنێت بە هیچ کام لە ئیدارەکانی زۆنی سەوز و زەرد! بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش بە دڵنیاییەوە عێراق پاڵێوراوی سەرەکییە! ئیتر با بزانین، پارتی و یەکێتی لەبەر خاتری پۆست و پارەی خۆیان، ئامادەن ئەو قومارە بە چارەنووسی میللەتی کوردەوە بکەن!؟ هەرچەندە ئەگەر بشیکەن زۆر جێی سەرسوڕمان نییە! چونکە پێشتریش کردوویانە!

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 137 Today: 1,522 📊 Click Here