چاوەڕێ بیلال – چالاکوان
ئایا لە مێژوودا سوکایەتییەک هەیە لەوە گەورەتر بێت کە مرۆڤ ڕەنجی مانگێک یان ساڵێک بدات، کەچی بۆ وەرگرتنی مافی ئارەقەی ناوچەوانی، وەک پەناهەندە سەیری دەستی کۆمەڵێک خاڵۆژن و پوری دەسەڵاتدار بکات ؟ سەیری ئەم دیمەنە قێزەونە بکەن! خەڵکی ئێمە بە جۆرێک لە چاوەڕوانییەکی کوشندەی مووچەدان کە مرۆڤ شەرم دەکات باسی بکات؛ وەک ئەوەی مووچە خێر و سەدەقەی سەرۆکەکان بێت نەک مافی ڕەوای ڕەنجی خەڵک ! فەرمانبەر لە گیرفانی بەتاڵ و سکی برسییەوە سەیری شاشەکان دەکات؛ نازانێت ئایا یەخەی کێ بگرێت؟ ئایا تف لەو دەسەڵاتە شکستخواردووەی هەرێم بکات کە دەیان ساڵە بە ناوی “ئابووریی سەربەخۆوە” گیرفانی خەڵکی بڕیوە، نەوتی فرۆشتووە و ئێستاش ملیارەها دۆلاری قەرزاری مووچەخۆرانە ، یان نەفرەت لە حکومەتی بەغدا بکات کە بە ناوی دەستوور و یاساوە پارووی دەمی هەزاران خێزان دەبڕێت و وەک چەکی سزادان بەکاری دەهێنێت ؟
ئێستا میللەت بووەتە تەماشاچییەکی کڵاوپێچوو لە بەردەم شانۆیەکدا، کە تێیدا دوو شەڕکەری ساختەکار (هەولێر و بەغدا) پەلاماری یەکتری دەدەن و بێشەرمانە یەکتر تاوانبار دەکەن ! لە نێوان ئەم دوو درۆزنەدا، فەرمانبەری داماو تەنها پێویستی بە “گەنمەشامی”ێکە بۆ ئەوەی سەیری ئەم فیلمە ئاکشنە کۆمیدییە بکات و پێبکەنێت بەو عەقڵەی کە چۆن باوەڕی بەم گاڵتەجاڕییە کردووە! ئەی ئەوانەی خۆتان بە “سەرکردە” دەزانن و لە کۆشکەکانی هەولێر و بەغداوە یاری بە چارەنووسی خەڵک دەکەن، ئایا بەڕاستی شەرم ناکەن کاتێک دەبینن خەڵک لە برساندا ناچارە قەرز بکات و خانەنشینان لە ڕیزەکانی وەرگرتنی مووچەدا گیان لەدەست دەدەن ؟ پێم بڵێن، تا کەی دەبێت ژیانی ئەم خەڵکە ببێتە قوربانیی شەڕە دەنووکی نێوان ئێوە و ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنییەی بەغدا کە چێژ لە سزادانی هەرێم دەبینێت ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم تەماشاچییانە بێنە سەر شانۆکە و هەردوو شەڕکەرە درۆزنەکە فڕێ بدەنە خوارەوە، چونکە ئەم یارییە چیتر قابیلی قبووڵکردن نییە!
