میدیای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە لەوەی پێدەچێت جەنگی ئەمجارەی نیوان ئێران و ئیسرائیل وێرانکەرتر و ئەگەری کۆنترۆڵکردنیشی قورستر بێت.
ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هیوم” لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕی داهاتووی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕەنگە توندوتیژتر و وێرانکەرتر بێت، بەراورد بەو شەڕە 12 ڕۆژەی کە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕوویدا.
لەو جەنگەدا زۆرێک لە ئیسرائیل هەستیان بەوە دەکرد کە “سەرکەوتوون”، چونکە ئێران گورزی قورسی بەرکەوت، بەڵام لە ئێرانیش هەمان چیرۆکی سەرکەوتن باس دەکرێت، چونکە سەرباری هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، توانییان مووشەکەکانیان بگەیننە دڵی ئیسرائیل.
بەرپرسان لەوێ ئاماژە بە توانای مانەوەی دەسەڵاتی ئێران و خێرایی خۆڕێکخستنەوەی دەکەن بە تایبەتیش کە زۆر بە خێرایی کەسانی جێگرەوەی بۆ ئەو بەرپرسە باڵایانە دەستنیشان کرد کە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەکوژران. هاوکات هەر خودی وەستانەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بە ڕووی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەستکەوت لێکدەدرێتەوە.
بە پێی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، نابێت لە گرنگیی ئەو هەست بە سەرکەوتنەی ئێران کەمبکرێتەوە، چونکە بە هۆی بە بنبەستگەیشتنی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێران کەمتر ترسی هەیە لە هەڵگیرسانەوەی جەنگە و بەرپرسەکانیشی پێیانوایە توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیان هەیە کە لە گەڕی یەکەمی جەنگەکەدا نەیانتوانی پێیان بگەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئێران وانەی لە هەڵەکانی ڕابردووی وەرگرتووە و ئێستاش هەوڵەکانی لەسەر پەرەدان بە توانا مووشەکی و بەرگرییە ئاسمانییەکانی چڕ کردووەتەوە بە شێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە هەواڵ لەسەر تاقیکردنەوەی مووشەکی و لێدوانی بەرپرسە باڵاکانیان دەربارەی سیستمی نوێی مووشەکیی بڵاودەکرێتەوە.
لە هەمان کاتیشدا بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئەگەر هەستیان کرد بەوەی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەریان، ئەوا دوو دڵ نابن کە دەستپێشخەری بکەن و پێشوەختە گورزی خۆیان بوەشێنن. شانبەشانی ئەوەش هەوڵی ڕازیکردنی ڕووسیا و چین دەدەن بۆ بەدەستهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانیی پێشکەوتوو.
ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هیوم” دەپرسێت، دەبێت ئامانجی ئەو جەنگە نوێیە چی بێت کە هەلی کۆنترۆڵکردنی لە هەموو کاتێک کەمتر بێت؟
