ئێران کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی لەسێدارەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، بەهەمەن چووبی کە تۆمەتبار بووە بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، لەسێدارەدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەهمەن چووبی، لە بواری داتابەیسدا هاوکارییەکی بەرفراوانی لەگەڵ مۆساددا هەبووە و بەهۆی شارەزایی و بەڕێوەبردنی کۆمپانیایەکدا دەستی بە بنکەی زانیارییە گرنگ و حکومییەکانی ئێران گەیشتووە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە کاتی بەشداریکردنی لە خولێکی تایبەت لە یەکێک لە وڵاتانی کەنداودا، لەلایەن ئەندامانی دەزگای مۆسادەوە دەستنیشان کراوە و دواتر ئەفسەرێکی مۆساد لە ژێر ناوی کۆمپانیایەکی ساختە بە ناوی “ESMI” پەیوەندی بە چووبییەوە کردووە و لە ڕێگەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنییەوە داوای لێکردووە لە پڕۆژەکانی داتابەیسدا هاوکارییان بکات.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕاشیگەیاند، لە بەرامبەر ناردنی زانیارییەکان بۆ دەزگای مۆساد، چووبی بڕێک پارە و سوودی دیکەی وەرگرتووە، لەوانە خەرجی گەشت و مانەوە لە دەرەوەی وڵات، خەرجی خولی فێربوونی زمان و خولی پسپۆڕی، مووچەی ئەرک و پاداشتی هاوکاری.
