هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لەڕێگەی كۆمپانیای “سۆمۆ”ی عێراقییەوە ڕاگیرا ئەوەش بەهۆی پڕبوونی كۆگاكانی سووتەمەنی تایبەت بە هەرێم.
دوو سەرچاوەی وزە بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)یان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی 3ی ئۆكتۆبەر، هەناردەی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیراوە بەهۆی تەواوبوونی تانکی عەمبارکردنی نەوتی خاو.
یەکێک لە سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەو بابەتە وتویەتی، “پێشبینی دەکرێت لە دەورووبەری کاتژمێر 5ی ئێوارە بەكاتی توركیا هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە”.
لای خۆیەوە، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ میدیای پارتی وتی، “راوەستانی هەناردەی نەوت رێکارێکی ئاسایی و تەکنیکییە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک راگیرا، لەبەرئەوەی کۆگەکانی نەوت لە بەندەری جەیهان پڕ ببوون”.
وتیشی، “دوێنێ یەکەمین کەشتیی نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشرا و لە دوو رۆژی داهاتووشدا دووەمین کەشتیی نەوت لە جەیهان دەفرۆشرێت”.
لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە 27ی ئەیلول، هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەستی پێكردەوە و ڕەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا كرا ئەوەش دوای زیاتر لە دوو ساڵ و 6 مانگ ڕاگیرانی بەهۆی سكاڵای عێراق لە دەستەی ناوبژیوانی پاریس.
