شارەزایەکی بواری ئابووری زانیاری لەسەر نەوتی عێڕاق ئاشکرا دەکات و دەڵێت” عێراق هەڵگرتنی نەوت لە عومان وەک یەکێک لە دەروازەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕە گەورەکان بە تایبەت لە ئاسیا دوور لە گەرووی هورمز دەڕوانێت”.
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووری بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عێراق و سوڵتانییەتی عومان دوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی عەمبارکردنی نەوتی خاو لە شاری ڕاس مەرکەز، کە توانای سەرەتایی تا دە ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی دەبێت، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە بازنەی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکان زیاد دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن سوڵتانییەتی عومانەوە پشتی پێدەبەسترێت بۆ گۆڕینی دوقم بۆ ناوەندێکی هەڵگرتن و هەناردەکردنەوەی نەوت لە دەرەوەی گەرووی هورمز، هاوکات عومان هەوڵدەدات کۆی توانای عەمبارکردنی ڕاس مەرکەز بۆ 200 ملیۆن بەرمیل زیاد بکات، لە قۆناغی یەکەمیشدا ڕێژەکە گەیشتۆتە25 ملیۆن بەرمیل.
نەبیل مەرسومی جەختیکردەوە، سوڵتانییەتی عومان هەوڵدەدات پاڵپشتی لە هەوڵەکانی بکات بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان، ئێستا عێراق هەڵگرتنی نەوت لە عومان وەک یەکێک لە دەروازەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕە گەورەکان بە تایبەت لە ئاسیا دوور لە گەرووی هورمز دەڕوانێت. هەروەها نەرمییەکی زیاتر بە عێراق دەبەخشێت لە بەرامبەر ئەو پەککەوتنانەی کە بەهۆی زریان و بارودۆخی سروشتی دیکەوە دروست دەبن کە هەندێکجار بۆ هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە نالەبارن.
نەبیل مەرسومی ڕاشیگەیاندووە، پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ دامەزراندنی تانکی هەڵگرتنی نەوت و پاڵاوگەی نەوت لە سوڵتانی عومان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەردەوامە. ئەم پلانانە ئامانجیان فراوانکردنی هەناردەی عێراق و دروستکردنی بازاڕی نوێی نەوت لە ئەفریقا و ئەوروپا و بەهێزکردنی بوونی عێراق لە بازاڕی ئاسیادایە. هەروەها ڕێککەوتنێک دەکرێت بۆ دامەزراندنی پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەی ئابوری تایبەتی دوقم، کە بەندەرێکی قووڵایی دەریای لەخۆدەگرێت کە توانای وەرگرتنی سوپەرتانکەری هەبێت، بۆ تێپەڕاندنی هەر قەیرانێکی ئەگەری لە گەرووی هورمز.
هاوکات ئەو شارەزای ئابووریە هۆشداری دەدات و دەڵێت، پێویستە تێچووی وەبەرهێنان و تێچووی هەڵگرتنی نەوت لە کۆگاکانی عومان و ئەگەری فراوانکردن و دوو هێندەکردنی توانای هەڵگرتنی نەوتی عێراق لە عومان لەبەرچاو بگیرێت بۆ دیاریکردنی ئیمکانی ئابووری ئەم پڕۆژە گرنگە ستراتیژییە بۆ عێراق.
