ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕەشنووسی پەیڕەوی هەڵوەشاندنەوەی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ ڕای گشتی ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت: ئەم بڕیارە هیچ زیانێکی بۆ مافی فەرمانبەران یان خانەنشینان نابێت و شایستە داراییەكانیان پارێزراوە.
ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، بڕیارەکە لەسەر داوای فەرمی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی دەرچووە، بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی کارپێکراو بۆ کارەکانی دەستەكە. لەبەر ڕۆشنایی ئەمەش وەزارەتی دارایی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی خانەنشینی نیشتمانی ئامادەکرد. لە پەیڕەوەکەدا هاتووە کە سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەستەكە، کە پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە هەیە تا دەرکردنی ڕێنماییە کارپێکراوەکان بۆ دەستەكە.
ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران پشتڕاستی دەکاتەوە، کە بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە پێداچوونەوەی یاسایی بۆ کراوە و دواتر بەپێی چوارچێوە دەستوری و یاساییە کارپێکراوەکان پێشکەش بە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ دەنگدان.
ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم بڕیارە هیچ زیانێک بە مافی فەرمانبەران یان خانەنشینان ناگەیەنێت و هەموو شایستە داراییەكانی خانەنشینی بە تەواوی پارێزراون بەپێی یاسا.
دەشڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەران و خانەنشینان و کارکردن بۆ پەرەپێدانی سیستەمی خانەنشینی بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دووپاتدەکاتەوە.
