جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات) كۆبووەوە و ڕایدەگەیەنێت، لەسەر بنچینەی دەستوور مافەكانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران زامن بكرێت و دەشڵێت: خەڵکی کوردستان، قەیرانێکی تاقەتپڕوکێنی سیاسیی و دارایی و دامەزراوەیی بەڕێکرد، بەڵام گەلەکەمان لەبەردەم دەرفەت و ئاڵانگاریدا؛ فرسەتی بەردەمی زیاترە، وەک لە مەترسی.
جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان (كوردسات) لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە، پێویستمان بە کۆبونەوەی فراوان و خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و گوێگرتن لە هەموو گۆڕانخوازان لەسەر ئاستی شارو شارۆچکەکانی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان و ڕەوەندی کوردییە. بۆ ئەو مەبەستە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدان.
لەبارەی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەکە جەختی لە چارەسەری کێشەکان کردەوە لەسەر بنچینەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و پاراستی مافەکانی هەرێم و شایستە داراییەکان، بەتایبەت زامنکردنی مووچەی مووچەخۆران.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیرانەکان دەرناچێت، ئەگەر بەخۆداچونەوەیەکی ڕیشەیی لە شێوازی حوکمڕانی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی نەکات، بەر لە هەر هەنگاوێک؛ زیادبونی هەژمونی حیزبی و بڕیاری حیزبی بەسەر دامەزراوە شەرعیەکاندا گەورەترین مەترسیە لەسەر چارەنوسی ئێستا و داهاتوی کوردستان.
جەختیشی كردۆتەوە لەسەر “پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکان”.
گۆڕان دەشڵێت: ئەگەر نامانەوێت ئەزمونی هەرێمی کوردستان چارەنوسی دەسەڵاتە شکستخواردوەکانی ڕابردو بێت؛ پێویستە گوتارێکی نیشتمانی جێگەی گوتاری حیزبی بگرێتەوە، ئەم گوتارەش لەسەر بنچینەی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و کورد لەناوچەکە دابڕێژرێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە هەمو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتووە، کە لە ئاست چاوەڕوانیەکان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بێت. ڕاشیگەیاندووە، خەڵکی کوردستان، قەیرانێکی تاقەتپڕوکێنی سیاسیی و دارایی و دامەزراوەیی بەڕێکرد، بەڵام گەلەکەمان لەبەردەم دەرفەت و ئاڵانگاریدا؛ فرسەتی بەردەمی زیاترە، وەک لە مەترسی، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە لە هەمو کات زیاتر پشتمان بە خەڵک ئەستورە، بێگومان ئەم نائومێدیەش تێدەپەڕێت، دواجار خەڵکی کوردستان سەردەکەوێت.
