وەزیری دەرەوەی عێراق زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی نێووان هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت”دەبێت کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بکرێت لەبارەی نەوت”. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق نزیکن لە ڕێککەوتن، ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە داهاتی نانەوتی هەردوولا زۆر چوونەتە پێشەوە و بە بۆچوونی من لەم ڕۆژانە دەگەینە لێكتێگەیشتن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم گرفتێک هەیە، ئەم کێشەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا نییە بەتەنها، بەڵكو سێ قۆڵییە لەنێوان هەردوو حكومەت و كۆمپانیاكانی نەوت، بۆ ئەمەش لەم ڕۆژانە دەگەینە لێكتێگەیشتن و ئەنجامی باش.
جەختیشی كردەوە، بەتەسەوری من لەم رۆژانەدا ئەگەینە نەتیجە، كە تەفاهومێك هەبێ سێقۆڵی بێت، واتا لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و كۆمپانیا نەوتییەكان.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تەها سێ ڕۆژی ماوە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سودانی-ش مۆڵەتی تا ئەو كاتەی داوە بۆ ڕێككەوتنی لیژنە هاوبەشەكەی هەولێر و بەغدا تاكو لەسەر داهاتی نانەوتی ڕێكبكەون، بەپێچەوانەوە دۆسیەكە دەخاتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی بۆ یەكلایی كردنەوەی، كە ئەوەش ناردنی مووچەی هەرێم زیاتر دوادەخات.
لەلایەکی دیکەوە، باسم محەممەد خزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دەرهێنان رایگەیاند، هەناردەکردنەوەى نەوت لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت وەستاوە، حکومەتى فیدراڵى و وەزارەتەکەى “هەموو جۆرە” ئاسانکارییەکیان کردووە و پێداویستییەکانیان دابین کردوون بۆ وەرگرتنى نەوت و هەناردەکردنى.
بەربەستى سەرەکى لەبەردەم کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوت، گەرەنتیى خەرجکردنى ئەو 16 دۆلارەیە کە بەغدا لە یاسای بودجە دیاریکردووە وەک شایستەى دارایی بەرهەمهێنان و هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە دەبێت بیداتە کۆمپانیاکان.
بەگوێرەى ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان بەغدا و هەولێر کە لە 17ى تەمموز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسەندکرا، پێویستە رۆژانە هەرێمى کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات. ئەو هەنگاوە یەکێکە لە مەرجەکانى ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان.
