ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەدواداچوونیان بۆ كێشەی مووچەخۆران لە لقی سلێمانی بانكی TBI كردووە و بەڕێوەبەری بانكەكە بەڵێنی داوە بەزووترین كات كێشەكە چارەسەر بكەن.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠٢٥/٩/٧ ئاگادارکراینەوە لە لایەن ژمارەیەک هاووڵاتی و مووچەخۆرانی شاری سلێمانی سەبارەت بە کێشەی وەرگرتنەوەی کارتی بانکی و نەبوونی پارە لە ئامێرەکانی ATM ی بانکی بازرگانی عێراقی TBI لە شاری سلێمانی.
دەشڵێت: بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە پەیوەندیمان کرد بە بەڕێوەبەری گشتی بانکەکە لە بەغدا بلال صباح ، بەڕێزیان دڵنیاییان پێدان کە ئەو قەرەباڵغییەی روویداوە دۆخێکی کاتییە و بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو موچەخۆرانەوەیە کە داوای کردنەوەی ئەژماری بانکییان کردووە لە بانکی TBI.
ئاشكراشی كرد، بەڵێنیدا کە بەزووترین کات بە هاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
