پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی هەشت لە لایەن بەغدادەوە بۆ ڕادەست نەکردنی داهاتی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەش پاس دەکات کە ڕێککەوتنەکە هیچ کێشەیەکی نییە.
نزیکەی دوو هەفتە بەسەر کۆبوونەوەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ وەزیرە کوردەکان کە تیایدا بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی هەرێمی کوردستانی پێدان، هێشتا ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە، ئەم دواکەوتنە نیگەرانی لە ناو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا دروست کردووە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: کێشەکە لە ڕادەستکردنی 120 ملیار دینارەکەیە لەلایەن هەولێرەوە.
وتیشی: “ڕێککەوتنەکە وەک خۆیەتی و هیچ گرفتێکی نییە، ئەوەی هەیە رێکاری حیسابی و داراییە کە وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیکات، دوو شتی زۆر سەرەکی هەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، نەوتە، رۆژانە نەوت هەناردە دەکرێت و هیچ کێشەیەکی نییە، کەواتە پابەندی دووەم ڕادەستکردنی 120 ملیارەکەیە، دەبێت رادەست بکرێت، ئەگەر ئەمە ڕادەست بکرێت هیچ گرفتێک نامێنێت بۆ تەمویلکردنی مووچەی مانگی هەشت”.
نەوت یەکێک بووە لە دۆسییە سەرەکییەکان کە بەغدا بەردەوام دەیبەستەوە بە مووچەی کوردستانەوە، بەڵام، لەو رۆژەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت، سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێپەڕاندووە و داهاتەکەشی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی عێراق، سەرەڕای ئەمانەش، هێشتا کێشەی مووچە چارەسەر نەکراوە.
