کارەبای عێراق واژۆکردنی گرێبەستێی بەمەبەستی دەستکەوتنی کارەبا لە وزەی ئەتۆمی پاک راگەیاند و دەڵێت”دەرگاکان کراوەن بەڕووی سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا”.
وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، پلانی پەسەندکراوی حکومەت بریتییە لە دامەزراندنی وێستگەی نوێی وەبەرهێنان لە چەند پارێزگایەک، جگە لە هێنانەکایەی تەکنەلۆجیای مۆدێرن “ئەجێکلاس” لە وێستگە گەرمییەکان، بە توانای بەرهەمهێنانی تا 11 هەزار مێگاوات کە بە سووتەمەنی دووانە و تێکەڵەیەک لە سووتەمەنی سادە و تێکەڵاو کاردەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلانەکە بەشێوەیەکە کە سوود وەردەگیرێت لە وزەی با و خۆر و دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە”ڕیساییکلین”، ئەمە جگە لە یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕووسیا سەبارەت بە ئەگەری سوودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە لە داهاتوودا.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کارەبا، دەرگاکان کراوەن بەڕووی سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا، بەو پێیەی وەزارەت ژینگەیەکی لەبار و پارێزراوی وەبەرهێنانی دابینکردووە، بە پاڵپشتی دارایی و بازرگانی.
وەزارەتەکە دەشڵێت، دەتوانرێت لە بوارەکانی وێستگەی کارەبای غاز، گەرمی، و وزەی خۆر، ڕیسایکلکردنی پاشماوە، هەروەها گۆڕینی زیرەک و پارەدانی ئەلیکترۆنی کار بکرێت و هەموو ئاسانکارییەک دەکرێت، حکومەت هەنگاو بەرو پشتیوانیکردن لە کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی دەنێت، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پڕۆژەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی کارەبا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
