كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەسەر تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و “ئیفلیج” كردنی و پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، وەكو وتمان، ئەم پەرلەمانە كە دەرەنجامی دیزانێكی ساختەیە، نە سەرپێ دەكەوێت، نە خێری بۆ خەڵكی كوردستان دەبێت.
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ساڵێك بەر لە ئێستا، خەڵكی هەرێمی كوردستان بە ئومێدی زۆر و ئامانجی هێنانەدیی ڕۆژێكی باشتر و گۆڕانكاری لەم واقیعە پڕ قەیرانە، بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕوویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد، بێئاگا لەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم و ”هەندێ لایەنی تر” ژێربەژێر ئەنجامەكانیان پێشوەختە لە بەرژەوەندیی خۆیان دیزاین كردووە و خیانەتیان لە هیوا و ئیرادە و دەنگی خەڵك كرد.
دەشڵێت: “ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە دیزاینكراوە، پەرلەمانێكی ئیفلیج بوو كە لەبری چارەسەری گرفتەكان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی، قەیرانەكانی قووڵتر كردەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، ئێمە هەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان، دەمانزانی گەمە و سەفقە ژێربەژێرەكان چۆن كراون، چۆنیش كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كراوەتە ئامانج و دەنگ و كورسییەكانمان دزراوە، بۆیە هەر زوو بڕیاری بایكۆتی ئەو پەرلەمانە ناشەرعییەمان دا و بە ڕوونیش بە خەڵكی كوردستانمان وت: ئەم پەرلەمانە كە دەرەنجامی دیزانێكی ساختەیە، نە سەرپێ دەكەوێت، نە خێری بۆ خەڵكی كوردستان و كۆی پرۆسەی سیاسییش دەبێ، هەرواش دەرچوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا كە ساڵێك بەسەر ئەو هەڵبژاردنە دیزاینكراوەدا تێدەپەڕێت، شەرمە ئەو لایەنانەی ئەو كەتنەیان نایەوە، ئێستا دیسان هاتوون داوای دەنگ لە خەڵك دەكەن، تا وەك ساڵانی ڕابردوو لەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵكی كوردستان بچنە بەغداد و درێژە بە شەڕی پۆست و پارە و بەرژەوەندییەكانیان بدەن.
جەختیشی كردۆتەوە، “داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین، چیتر قبووڵی نەكەن یاری بە دەنگ و ئیرادەیان بكرێت و ئەوانەی بوونەتە هۆی ئەم هەموو قەیران و تاڵانی و دزی و گەندەڵییە، جارێكی تر بە ناوی ئێوەوە درێژە بەم دۆخە بدەن و خۆیان بسەپێننەوە.”.
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەشڵێت: ڕاستگۆیانە و بە ئەخلاقێكی بەرزی ئیسلامییانەوە مامەڵە لەگەڵ كێشە و داوا و خواستی خەڵكدا دەكات، خۆی بە بەدیلی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و ئەوانەش دەزانێت، كە بە دروشمی درۆینەی تاقیكراوەوە، جارێكی تر هەوڵی فریودانتان دەدەنەوە”.