واشنتۆن داوای هەماهەنگی تەواو لە ئیسرائیل دەکات و نیگەرانییەکانی ترەمپیش لەبارەی شکاندنی ئاگربەست زیاتر دەبێت.
ڕۆژنامەی “هارتس”ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوان دەکات حکومەتی ئیسرائیل پێش ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە کەرتی غەززەدا، پێشوەختە ئاگاداریان بکاتەوە و هەماهەنگی تەواو هەبێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی سەربازییەوە ئاشکرایکردووە، کە واشنتۆن ڕەزامەندی پێشوەختە داوا ناکات، بەڵام “هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چاوەڕواننەکراو لە غەززە ڕەتدەکاتەوە”. هەروەها ئەمریکا هۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی ئاسمانی کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەکەی ئێستا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نیگەرانە لە ئەگەری پاشگەزبوونەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ستراتیژیەتی ئەمریکا بریتییە لە کارکردنی جی دی ڤانس (جێگری سەرۆک)، ستیڤ ویتکۆف (نێردەی ترەمپ)، و جارید کوشنەر (زاوای ترەمپ) بۆ ڕێگریکردن لە ناتانیاهۆ لە دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی.
جەی دی ڤانس لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی لەگەڵ ناتانیاهۆدا، جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکانی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ ئیسرائیل تەنها بۆ “سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی غەززەیە، نەک چاودێریکردنی منداڵێکی بچووک”.
ڤانس دووپاتیشی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە پێویستن بۆ جێگیرکردنی دۆخەکە.
