سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت، 82.84%بووە.
بە وتەی عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا ملیۆنێک و 313 هەزار و 980 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە سەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەبوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەى ئەو کەسانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگیانداوە، زیاتر بووە لە ملیۆنێک و 100 هەزار کەس.
ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بریتین بوون لە کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، دەزگا و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق، دەستەی حەشدی شەعبی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری، دژەتیرۆر و دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق.
کۆمسیۆن بۆ دەنگدانی تایبەت 809 بنکەی تەرخانکردبوو، کە چوار هەزار و 501 وێستگەی لەخۆ دەگرت، کە بەسەر سەرجەم بازنەکانی دەنگداندا دابەشکرابوون.

Leave a Reply