شاندی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا گەیشتە ئیمرالی بۆ دیداری ئۆجالان

سەیرکراوە: (1.6K)

شاندێكی کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ بهرهو دورگهی ئیمراڵی بهڕێكهوتن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عهبدوڵا ئۆجالان، رێبهری زیندانیكراوی پەکەکە.

ئەم شاندە نوێنەرایەتی لایەنە سەرەکییەکانی ناو پەرلەمان دەکات و بریتین لە: حسێن یامان، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) و فەتحی یەڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و گوڵستان کڵچ کۆچگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی).

رۆژنامەی جمهوریەتی نزیک لە حکومەتی تورکیا لە بارەی سەردانەکە بڵاویکردەوە، شاندەكە بە هێلیکۆپتەر لە ئەستەنبوڵەوە چوونەتە دورگەی ئیمرالی و لەبارەی چارەسەری پرسی كوردەوە گوێ لە ئۆجالان دەگرن، بەڵام كۆنوسی كۆبوونەوەكە دەبێت تا ماوەی (10 ساڵ) بەنهێنی بهێڵدریتەوە و بۆ ڕای گشتی بڵاونەكرێتەوە.

گرنگی ئەم دیدارە لە ئاستێکدایە، کە ئەوانەی بەشداری شاندەکەیان کردووە، بەرپرسی هەرە باڵای دوو پارتی دەستەڵاتدارن، کە یەکێکیان جێگری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەیە و ئەوەی تریشیان جێگری رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی گشتی ئەکەپەیە.

بڕیارە لەم دیدارەدا، ئۆجالان لەبارەی چەند پرسێكەوە قسە لەگەڵ شاندی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا بكات: 🔸پرسی چەكدانانی پەكەكە 🔸پرسی هاوپەیمانی كورد و تورك 🔸هەوڵەكانی چارەسەری دۆزی كورد و هەمواری یاساكان لە توركیا

لای خۆشیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی و بەرپرسانی مەهەپە دیدار ئەنجام دەدەین و هەروەها لە کاتێکی دیاریکراودا پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین.

وتیشی، کۆمسیۆنەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان کاری گرنگ ئەنجام دەدات و ئێمەش بە هەموو جۆرێک پشتگیری دەکەین.

ئەمە یەکەم جارە، کە شاندێکی پەرلەمانی لەم جۆرە، بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانێتی دەسەڵات (ئەکەپە و مەهەپە) و پارتی سەرەکی لایەنگری کورد (دەم پارتی)، پێکەوە بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالان سهردانی ئیمراڵی دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم سهردانه ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە دیالۆگی نێوان دەوڵەت و ئۆجهالان و ببێتە سەرەتای گفتوگۆیەکی گشتگیرتر لەسەر چارەسەری کێشەی کورد، بەتایبەتی لە کۆمیسیۆنەکەدا چەندین پارتی سیاسی (جگە لە جەهەپە و یهك دوو لایهنی تر) بە “بەڵێ” دەنگیان بەو بڕیارە داوە، کە شاندەکە بچێتە ئیمراڵی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 56 Today: 2,559 📊 Click Here