ئەمڕۆ شەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان، بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی “مەلای جزیری” دەکات و بڕیارە وتارێک پێشکەش بکات.
سیمپۆزیۆمەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی هۆتێل “دەدەمانی جزیرێ” بەڕێوەدەچێت. جگە لە مەسعود بارزانی، چەندان مامۆستا و ئەکادیمیستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمپۆزیۆمەکە بانگهێشتکراون.
مەلای جزیری، ناوی تەواوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەدە (1570-1640)، یەکێکە لە دیارترین شاعیرانی کلاسیکی کورد و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعریی کورمانجی ژوورووە. جزیری لە جزیرەی بۆتان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە. وەک زانایانی سەردەمی خۆی، جگە لە زانستە ئایینییەکان، لە فەلسەفە، ئەستێرەناسی، کیمیا و پزیشکیشدا شارەزایی هەبووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی بە باشی زانیوە.
مەلای جزیری بە “پیری عەشق” ناسراوە و شیعرەکانی زۆربەیان لەسەر بابەتی عیرفان و خۆشەویستیی خودایی و مرۆیین. دیوانەکەی کە بە شێوەزاری کورمانجی نووسراوە، زیاتر لە 120 شیعری لەخۆگرتووە کە زۆربەیان لەسەر شێوازی غەزەل و قەسیدەن. بەرهەمەکانی تەنها باسی دڵداری ناکەن، بەڵکو ئاوێنەی قووڵایی بیر و تێڕوانینی فەلسەفی و زانستیی سەردەمەکەی خۆیەتی و بابەتگەلێکی وەک مێژوو، فەلسەفە و زانستە سروشتییەکانی تێدا ڕەنگی داوەتەوە.
