وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکات و بۆ ئەمڕۆ هەریەکە لە وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی، خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی، خانەنشینی پێشمەرگەو مەدەنی، زیندانییە سیاسییەکان، بەرکەوتوانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان مووچە وەردەگرن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، کە دوێنێ شەممە بڵاویکردەوە، تیایدا ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی سێشەممە 2ی کانوونی یەکەم، کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.
ئەوەشی وتووە: بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کەوتە ئەمڕۆ، لەکاتی دوامی فەرمی و دواتر گواستنەوەی پارەکە بۆ سەرجەم بانکەکان لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، داوا لە سەرجەم مووچەخۆران دەکەین لەدوای کاتژمێر یەکی نیوەرۆ سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی مووچەکانیان بە پێی خشتەی ڕاگەیەندراو.
