کاروانێکی سوپای تورکیا چووە سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کە زیاتر لە شەش ساڵە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئەنقەرەوە داگیرکراوە.
ماڵپەڕی “نۆرس پرێس” کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، شەوی یەکشەممە، کاروانێکی سوپای تورکیا کە لە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتووە داخڵی سەرێکانی بوون.
ڕوونیشیکردەوە کاروانەکە لە دەروازەی عدوانییەوە چوونەیە ڕۆژئاوای کوردستان کە 45 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای سەرێکانییەوە دوورە و تەنیا سوپای تورکیا بۆ هاتووچۆ بەکاری دەهێنێت.
چەند سەرچاوەیەک کە بۆ ماڵپەڕەکە قسەیان کردووە ڕایانگەیاند، جموجوڵەکەی سوپای تورکیا لەم کاتە و بەو شێوەیە نامۆیە.
دوێنێش چەند دیمەنێکی میلیشیاکانی سەر بە ئەحمەد شەرع بڵاوکرایەوە کە درۆنیان بۆ ئەو ناوچانە دەگواستەوە کە لەگەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوسنوورن.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کە ماوەیەکە میلیشیاکانی سەر بە ئەحمەد شەرع بۆ پەلاماردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیکەن.
