کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کاریگەریی ئەو شەپۆلی بارانەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە کەم دەبێتەوە، بەڵام ناجێگیریی کەشەکە وا دەکات هەندێک جار لە ناوچە شاخاوییەکان شەپۆلەکە چالاک بێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، کەشی ناوچەکەمان بە گشتی ئاسمان هەور و هەندێک کات نیمچە هەور دەبێت و لەگەڵ ئەوەی کاریگەری شەپۆلەکەش بەرەو کۆتای دەچێت، بەڵام ناجێگیری کەش وادەکات هەندێک جار چالاک بێت لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و بەشێک لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەگەری کەمێک باران لەسەنتەری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک هەبێت.
ڕوونیشیکردەوە کە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆتای دێت و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەگەری نمە بارانە لە ناوچە جیاکان.
ڕوونیشیکردەوە کە خێرایی با مامناوەند و لە نێوان 15-20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و پلەی گەرماش لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزیک دەبێتەوە.
سەبارەت بە سبەینێ پێنجشەممەش کەشناسی ڕایگەیاند، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری نمە باران لە هەندێک کاتدا هەیە.
ئاماژەشیدا بەوەی کەشەکە بە گشتی تا ڕادەیەک جێگیر دەبێت جگە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان کە هەندێک کات نمەباران دەبارێت و پلەی گەرماش کەمێک بەرزدەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 14 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی
دهۆک : 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی
کەرکووک : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 10پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 10پلەی سیلیزی
گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی
