سەرۆکی سەنتەرێکی توێژینەوەی سیاسی عێراقی پێیوایە پۆلێنکردنی حزبوڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆردا بە هەڵە ڕووی نەداوە کە دواتر بە لیستەکە دەرکران و شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێت، ئەم جۆرە ڕووداوانە لە ھیچ وڵاتێکی جیھان ڕوونادات جگە لە عێراق نەبێت و ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی عێراق سەربەخۆ نین و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە ئاڕاستە دەکرێن و ھاوکات.
ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە فەرمی بزووتنەوەی ئەنساروڵای حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە. ئەو بڕیارەش لە ژمارە ٤٨٤٨ی ڕۆژنامەی (وەقائیعی عێراقی) بڵاوکرایەوە.
لیژنەکە ڕایگەیاندبوو بڕیارەکە ئەو قەوارە و کەسانە دەگرێتەوە کە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە، بەمەش ھەردوو بزووتنەوەکەی حووسی و حزبوڵا خرانە ژێر چاودێری و سڕکردنی سەروەت و سامان، هاوکات دوای چەند کاتژمێرێکی هەمان ڕۆژ، لیژنەکە پاشگەزبووە و ڕایگەیاندبوو کە ئەو بڕیارە بە ھەڵە بووە و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لیستەکە بەر لە پاکنووسکردن بڵاوکراوەتەوە.
“دەسەڵاتدارانی عێراق سەربەخۆ نین و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە ئاراستە دەکرێن”
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل لەبارەی ئەوەی کە ڕۆژی ٤-ی ئەم مانگە ڕوویدا و ھەریەک لە حووسییەکان و حزبوڵای لوبنان خرانە لیستی تیرۆرەوە، بە ھەڵە بوو یان بە مەبەست بوو، وتی: “ھەر ڕووداوێکی لەوە شێوە کە لە عێراق ڕوودەدات باکگراوندێکی مێژوویی ھەیە، لە بەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی دامەزراوەیی نییە و لە ھەمانکاتدا ئەوەی لە عێراق دەگوەزەرێت ھەموو کار و کاردانەوەیە، جگە لەوەش عێراق خاوەن سەروەریی تەواو نییە، ھەر بۆیە ئەم جۆرە شتانە تێیدا ڕوودەدات، ھەروەھا ئەو ڕووداوە کە بە ھەڵە بووبێت یان بە مەبەست، ئاسایی نییە، چونکە ناکرێت بابەتێکی لەوە شێوەیە بڵاوبکرێتەوە و دواتر بە بیانووی ئەوەی کە وردبینی تیایدا نەکراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئەوە ھەڵەیەکی گەورەیە و ھەڵەی دووەمیش ئەوە بوو کە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتەکە، حکومەتی عێراق لێی پاشگەزبووە، ئەم جۆرە ڕووداوانەش لە ھیچ وڵاتێکی جیھان ڕوونادات جگە لە عێراق نەبێت و ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی عێراق سەربەخۆ نین و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە ئاراستە دەکرێن”.
ھەروەھا سەرسام خەلیل لەبارەی ھۆکاری زوو پاشگەزبوونەوەی حکومەتی عێراق لە بڕیارەکە، وتی: “یەکێک لە ھۆکارەکانی زوو پاشگەزبوونەوەی حکومەتی عێراق لەو بڕیارە، ئەوەیە کە عێراق خاوەن سەروەریی تەواو نییە و وڵاتێکی دامەزراوەییش نییە، جگە لەوەش بەرژەوەندی وڵاتانی دەوروبەر وا دەکات کە حکومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە بڕیارانەدا بکات و ئەمەش لە جیھاندا شتێکی نامۆیە، بەڵام لە عێراق نامۆ نییە و ڕووداوی زیاتر لەو شێوەیە هەبووە”.
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو ڕووداوە وەشاندنی گورز نەبوو لە محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئەوەی لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دوو بخرێتەوە و دووبارە نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران، لە وەڵامدا وتی: “ھەموو دەزانین کە لە عێراق، گرووپی چەکدار کۆنترۆڵی پرسی سیاسی کردووە و ھیچ کەسێک لە عێراق کە ھێزی چەکداری نەبێت، ناتوانێت کۆنترۆڵی ھەموو جومگە سیاسی و سەربازییەکان بکات، ھەروەھا ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت، سەرۆک وەزیران بەپێی دەستوور دەسەڵاتێکی باشی ھەیە، بەڵام میلیشیاکان لە عێراق خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن، ئێستا لەنێو ماڵی شیعە لەسەر بەربژێرکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کێشە و ناکۆکی ھەیە، چونکە ھەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕەخنەیەکی زۆریان لە ئەدای حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی گرتووە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک کەسێکی باش سەیر دەکریت وەک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک باسی کردووە کە سوودانی کەسێکی باشە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی نییە، بۆیە ھەر کەسێک لە عێراق ئەگەر حکومڕانی بکات نەتوانێت کۆنترۆڵی لایەنی سەربازیی بکات، ئەوا ناتوانێت کۆنترۆڵی لایەنی سیاسی و دارایی بکات”.
ــ “ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، سیاسی بوو”
سەرۆکی سەنتەری ھزری سیاسی لە عێراق، ئیحسان شممەری لەبارەی ڕووداوەکەی ٤ی مانگ، وتی : “پێم وایە، ئەو بڕیارە بە ھەڵە نەبوو، هەتا ئەگەر بە مەبەستیش بووبێت، بەقەد ئەوە گرنگ نییە کە دەوڵەتی عێراق پابەندە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بڕیارانە، لەوانەیش بڕیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ژمارەیەک گرووپی چەکداری لە عێراق و ناوچەکە خستووەتە لیستی تیرۆرەوە”.
وتیشی: “ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، سیاسی بوو، ھەروەھا ئەوەی باس کرا لەوەی بە ھەڵە ڕوویداوە، پێدەچێت لە ئەنجامی ئەو فشارانە بووبێت کە خرانە سەر لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی ھەڵەکە چاک بکەنەوە”.
سەرۆکی سەنتەری ھزری سیاسی لە عێراق لەبارەی ھۆکاری زوو پاشگەزبوونەوەی حکومەتی عێراق لە بڕیارەکە، وتی: زوو پاشگەزبوونەوەی حکومەتی عێراق لەو بڕیارە، پەیوەندی بە چەند ھۆکارێکەوە ھەیە، یەکەم ھاوکێشەی سیاسی ئێستا، دووەم کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەن ھاوپەیمانییەکانی ئێران بە تایبەتیش ئەوان (ھاوپەیمانییەکانی ئێران) پێیان وایە کە دەرکردنی ئەم جۆرە بڕیارانە زەمینە خۆشکەر دەبن کە لە داھاتوودا بڕیاری لەو جۆرە دەربکرێن و ئەوانیش دەگرێتەوە، ھەروەھا فشاری دەرەکی لەسەر ھەندێک لایەنی ناوخۆ ھەبوو، بۆ ئەوەی ناوی حووسییەکان و حزبوڵای لوبنان لەناو لیستی تیرۆر دەربھێندرێن، جگە لەوەش پاشگەزبوونەوە پەیوەستدارە بە گفتوگۆکانی ئێستا لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەنێوان لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی بە تایبەتیش ئەو لایەنانەی کە گرووپی چەکدارییان ھەیە و خاوەن ٨٠ بۆ ٩٠ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانن”.
وتیشی: “ئەم پاشگەزبوونەوەیە پەیوەندی پتەوی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئێران، حزبوڵای لوبنان و حووسییەکان نیشان دەدات، ھەروەھا پاشگەبوونەوەکە پەیامێک بوو لەوەی عێراق ناکەوێتە ژێر فشاری ئەمریکا”. ئیحسان شممەری سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو پرسە وەشاندنی گورز نەبوو لە محەمەد شیاع سوودانی، بۆ ئەوەی لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی لە بەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دوو بخرێتەوە، ئەوە وتی: “من پێم وانیە ئەم بڕیارە ببێتە ھۆی دوورخستنەوەی محەمەد شیاع سوودانی لە بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام لەوانەیە ئەم پرسە وەک بەشێک لەو مەرجانە پێشنیاز بکرێت کە دەبێت محەمەد شیاع سوودانی لە داھاتوودا جێبەجێیان بکات بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستدارە بە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا”.
ڕاشیگەیاند: “ھۆکاری گەورەی دیکە ھەن کە ڕێگرن لەوەی محەمەد شیاع سووودانی نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران لەوانە بەدەستنەھێنانی دەنگی زۆر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا ئەو کێشە و ناکۆکییەی کە لەنێوان خودی محەمەد شیاع سوودانی و لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەیە”.
