مەسعود بارزانی سێ میکانیزم بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ڕادەگەینێت و دەشڵێت مەرج نیە سەرۆک کۆمار پارتی یان یەکێتی بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت کە ئەم پۆستە پشکی کوردە و بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات، دەبێ میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێک ئەو پۆستە بە موڵکی تایبەتی خۆی نەزانێت”.
ڕاشیگەیاند، دەبێت میکانیزمی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار بەم شێوەیە بێت: “یان لە پارلەمانی کوردستان کەسێک وەک نوێنەری کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت، یان تێکڕای لایەنە کوردستانیەکان کۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر کەسێک ڕێک بکەون، یانیش نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق، کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بکەن”.
مەسعود بارزانی دەڵێت: “مەرجیش نیە ئەو کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێت پارتی بێت یان یەکێتی بێت، دەکرێ لە لایەنێکی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق”.
