تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان لە عێراق لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستە باڵاکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، ئەوەشی لە کاتێدایە بڕیارە ئەمڕۆ ٢٩ی مانگ یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆی وەک وادەی ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاری کردبوو و بە پێی کارنامەی دانیشتنەکە کە لەلایەن فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانوە بڵاوکرایەوە، لە تەوەری یەکەمی دانیشتنەکەدا، ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان کە ژمارەیان ٣٢٩ ئەندامن سوێندی یاسایی دەخۆن و لە تەوەری دووەمیشدا، سەرۆکی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەکەی ھەڵدەبژێردرێن.
ئەندامی فراکسیۆنی ھاوپەیمانی تەسمیم، عامر جاسم فایز کە تەمەنی ٧٧ ساڵە، وەک بەتەمەنترین ئەندامی خولی شەشەم و سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات.
بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پێویستە لە یەکەم دانیشتن دا لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، ٥٠+١یان کە دەکاتە ١٦٦ ئەندام ئامادەبن، بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکوومەتیش پێویستە ھەمان ڕێژە ئامادەبن. ھەروەھا بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پێویستە ١/٣ کە دەکاتە ٢٢٠ ئەندام ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان بن.
دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسیی کە بە “پشکپشکێنە” ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون.
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆک وەزیرانی بۆ لایەنی شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆک کۆماریش پشکی کوردە.
بەپێی دوایین ئەنجامی پەسەندکراو پەرلەمان پێکدێت لە شیعە، سوننە، کورد و پێکھاتەکان، شیعەکان ١٨٦ کورسی، سوننەکان ٧٥ کورسی، کورد ٥٦ کورسی، بەرەی تورکمانی ٢ کورسی، ئێزدی یەک کورسی و پێکھاتەکانیش ٩ کورسی پەرلەمانەکەیان بەدەستھێناوە.
تا ئێستا کورد و شیعە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ڕانەگەیاندووە، بەڵام کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان لەوبارەیەوە بەردەوامن.
پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بووەتە گرێ گوێرە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، چونکە پارتی دەڵێت بەپێی ئیستحاقی ھەڵبژاردن مافی ئەوە و یەکێتییش دەڵێت بەپێی ڕێککەوتن ئەو پۆستەیە مافی ئەوە، بۆیە سوننە و شیعە داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەن کە لەنێویان خۆیاندا بە ھاوبەشی لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون.
بەڵام سوننەکان دوای ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجومەنێکی باڵای سیاسییان پێکھێنا و ئێستا لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پشکی ئەوانە، بوونەتە دوو بەشەوە.
زۆربەی لایەنەکانی سەربە ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننە لەسەر کاندیدکردنی سەرکردە لە پارتی تەقەدووم، ھەیبەت حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ڕێککەوتن و ھاوکات ھاوپەیمانیی عەزم کە یەکێکە لە لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننە رەتی کردەوە کە سەرکردەی ھاوپەیمانەکەیان، موسەننا سامەڕایی لە کاندیدکردنی بۆ پۆست کشابێتەوە.
دوێنێ شەو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننەکان لە ماڵی سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی، خەمیس خەنجەرلە بەغدا کۆبوونەوە.
خەمیس خەنجەر دوای کۆبوونەوەکە و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا رایگەیاند: “دوای گفتوگۆکردنێکی زۆر، ھەریەک پارتی تەقەدووم، سەروەری، حەسم و جەماوەری نیشتمانی ڕێککەوتووین کە بەشێکن لە لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی ڕێککەوتووین کە ھەیبەت حەلبووسی بکەین بە کاندیدی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆکی خولی شەشەمی پەرلەمان”.
ھەروەھا خەمیس خەنجەر داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد ئەو بڕیارەیان لەبەرچاو بگرن کە بڕیاری زۆربەی لایەنە سوننەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانییە، تاکو ڕێکارەکانی پێکھێنانی حکوومەت تەواو بکرێن.
ئەوەش لە کاتێکدایە ھاوپەیمانیی عەزم کە موسەنا سامەڕایی سەرۆکی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید بوو، بەشێک نەبوو لەو لایەنانەی ھەیبەت حەلبووسییان وەک کاندید پەسند کردووە.
ھاوپەیمانیی عەزم کە یەکێکە لە لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننە لە راگەیاندراوێکدا ڕەتی کردووەتەوە کە سەرکردەی ھاوپەیمانەکەیان، موسەننا سامەڕایی لە کاندیدکردنی بۆ پۆست کشابێتەوە.
شیعەکانیش کە زۆرینەی پەرلەمان پێکدەھێنن تا ئێستا لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە پشکی ئەوانە نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، چوارچێوەی ھەماھەنگی دوو ڕێگای لە بەردەم دایە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کە یەکەمیان ئەوەیە دەبێت نوری مالیکی، محەمەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی لەنێو خۆیاندا کەسێکیان ھەڵبژێرن، دووەمیان ئەوەیە كە دەبێت سەركردەكانی لایەنەكانی ناو چوارچێوەکە لەسەر یەکێک لەو کاندیدانەی دیکە کە ھەن ڕێکبکەون.
ھەروەھا پێنج لەو کاندیدانەی دیکە کە ماون بریتیین لە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی، حەمید شەتری و وەزیری پێشووی پلاندانان، عەلی شوکری و ئەندامی پێشووی پەرلەمان، عەبدولحوسێن عەبتان و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران، محەمەد دەڕاجی و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی، باسم بەدری.
ھاوپەیمانیی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ١٧ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکھێنا کە یەکێکیان تایبەت بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو و ئەوی دیکەیشیان تایبەت بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.
لەبەر ئەوەی جگە لە کاندیدانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە دوو کاندیدن، تا ئێستا کاندیدانی پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ڕانەگەیاندراون، بۆیە دیار نییە لایەنەکان پاڵپشتی لە کاندیدی کام لایەن دەکەن و تا ئێستاش ھەڵوێستی خۆیان لەبارەیەوە، ڕانەگەیاندووە.
