جێگری بەرپرسی فەرمانگەی گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەوڵی شەو و ڕۆژی کارمەندەکانیان ڕێگای ئەو گوندانەی بە هۆی بەفرەوە داخرابوون، کرانەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕامین مەحموودی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتی ڕێگاوبانی سنە ڕایگەیاند، بە هۆی ئەو دوو شەپۆلی بەفرەی بەمدواییە ناوچەکەی گرتەوە، ڕێگای زیاتر لە ٤٠٠ گوندی شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و دیواندەرە داخرابوون، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانی ڕێگاوبان کرانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا کار لەسەر پاککردنەوەی ڕێگای چوار گوندی شارەکانی سەقز و بانە دەکەن و تا چەند کاتژمێرێکی دیکە دەکرێنەوە و وتیشی: لە هەفتەی ڕابردووەوە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێگای ئەو گوندانە کراونەتەوە کە چەندین جار بە هۆی نەفرەوە داخرابوون.
ڕامین مەحموودی ڕاشیگەیاند، ئێستا هیچ جۆرە کێشەیەکی هاتوچۆ لە ڕێگا سەرەکی و لاوەکی و گوندەکانی سنە نییە و هەموو ڕێگاکان کراوەن.
پارێزگای سنە لە ناوچەیەکی سارد و کوێستانی هەڵکەوتووە و ساڵانە بارینی باران لەم پارێزگایەدا لە ناوەڕاستی پاییزەوە دەست پێدەکات و لە کاتی بەفربارینیشدا بەشێکی زۆری ڕێگەکان دادەخرێن.
