دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتیی واژۆ کرد کە کشانەوەی ئەمریکا لە کۆی ٦٦ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت و ٣١یان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن.
کۆشکی سپی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە بڕیارنامە سەرۆکایەتییەكهی ترەمپ كرد کە ئەمڕۆ واژۆی کردووە و تیایدا هاتووە ئەمریکا لە ٦٦ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکشێتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “ئەمڕۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتیی واژۆ کرد کە فەرمان دەدات بە کشانەوەی ئەمریکا لە ٦٦ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کە چیدیكه خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ناکەن”.
ههروهها باس لهوه كراوه ئەم بڕیارە بەهۆی ئەوەوە دراوە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان پێچەوانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا كار دهكهن، لهبهرئهوه ئەمریکا لە ڕووی بەشداریکردن و دابینکردنی پشتیوانی دارایی لەو ٦٦ ڕێکخراوە دەکشێتەوە، کە ٣١یان لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا کار دەکەن.
کۆشکی سپی ئهمریكا، لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ناوی ئەو ڕێکخراوانەی بڵاونەکردووەتەوە کە بڕیاری کشانەوەکە دەیانگرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، لە سهرهتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا کە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دەستی پێکرد، لە ڕێککەوتنامەی کەشوهەوای پاریس و ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کشایەوە، هەروەها ناردنی هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئونروا ڕاگرت.
