مەسعود بارزانی و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” و هادى عامرى و موحسن مەندەلاوی لە پیرمام، لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سودانی، لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیش ئامادەی ببوون، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکـومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تاوتوێ کراون.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و دۆخی سووریا و گرنگیی یەکخستنی وتاری نیشتمانیی سیاسیی عێراق بەرامبەر بەم گۆڕانکاری و ڕووداوانە کرا، بە شێوەیەک کە پێگە و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بەهێزتر بکات.”
