دیوانی وەقفی سوننی عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ مانگی رەمەزان، کۆمەڵێک رێنمایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڵندگۆی مزگەوتەکان دەرکرد و بڕیاریشدا بانگبێژە دەنگ ناخۆشەکان بگۆڕێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی دیوانی وەقفی سوننی عێراق، کە ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکانی وەقف کراوە، مەبەست لێی رەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییانە لە گەڕەکەکاندا، دەبێت دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان لە گەڕەکەکاندا کەمبکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە ئەو کەسانەی خاوەن “دەنگێکی خۆش و زوڵاڵن” بۆ بانگدان هەڵبژێردرێن، چونکە بەگوێرەی نووسراوەکە، دەنگی خۆش یەکێکە لە شێوازەکانی بانگەواز.
لە نوسراوەکەدا داوا لەسەرجەم مزگەوتەکان کراوە لە کاتی نوێژی بەیانیاندا بڵندگۆی دەرەکی بکوژێننەوە، بە تایبەت ئەو مزگەوتانەی کە لەناو گەڕەکی و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییاندان، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەکان دەتوانن بڵندگۆی دەرەوە بەکاربهێنن.
