بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵاتدارێتی لە کەرتی غەززە بە لیژنەی نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردرنی کەرتەکە تەواو کراون.
حازم قاسم، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە لێدوانێکی تۆمارکراودا ڕایگەیاند، “ھەموو ڕێوشوێن و ئامادەکارییەکان لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی کەرتی غەززە تەواوکراون، بۆ ئەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە کەرتی غەززە، ڕادەستی لیژنەی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە بکرێن”.
ڕاشیگەیاند “ھەر کە لیژنەی نیشتمانیی چووە ناو کەرتی غەززە، ئەوا پرۆسەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە لیژنەکە بە شێوەیەکی شەفاف و گشتگیر لە ھەموو بوارەکاندا دەست پێدەکات”.
“لیژنەی نیشتمانیی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە”، دەستەیەکی سەربەخۆیە و بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە لە کەرتی غەززە و لە ١١ کەسایەتی فەڵەستینی پێکھاتووە و لەلایەن عەلی شەعسەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
