فەرمانگەی میدیا و زانیاری: عێراق سیستماتیک پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داتا داراییەکانی دوو دەیەی ڕابردووی بودجەی عێراق (٢٠٠٥-٢٠٢٥) بڵاوکردەوە و تێیدا تیشک دەخاتە سەر بوونی “هەڵەیەکی گەورە و سیستماتیک” کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی فراوانکردنی بێپێشینەی “خەرجییە سیادییەکان”ەوە، پشکی هەرێمی کەم کردووەتەوە.
زیادبوونی خەرجییەکان: خەرجییە سیادییەکان لە بودجەی (٢٠٢٣-٢٠٢٥) گەیشتوونەتە ٤٧.٤ ترلیۆن دیناری ساڵانە.
تێهەڵکێشکردنی بڕگەکان: بەغداد تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەکانی خستووەتە خانەی “سیادی” تەنها بۆ ئەوەی پێش گەیشتنی پارە بە هەرێم، لە پشکەکەی ببڕدرێت.
بەشداریی هەرێم: هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی ٨.٧ ترلیۆن دینار لە پشکی خۆی، بەشدارە لە دابینکردنی ئەو خەرجییە سیادییانەدا.
٢. دۆسیەی قەرزەکان؛ ٢٦ بەرامبەر ١
ڕاپۆرتەکە باس لە ستەمێکی دارایی ئاشکرا دەکات لە پرسی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا:
هەرێم پابەند کراوە بە دانەوەی ١.٦ ترلیۆن دینار ساڵانە وەک پشکی قەرزە سیادییەکان.
لە بەرامبەردا هەرێم تەنها ٦٢.٤ ملیار دینار لەو قەرزانە وەک پشک وەردەگرێت.
ئەمە بەو مانایەیە کە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر ١ دۆلار کە وەک قەرز وەریدەگرێت، دەبێت ٢٦ دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە بدات کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرج کراون.
٣. “خەرجیی فیعلی” وەک سزای بەکۆمەڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە، کە چەسپاندنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” پێشێلکردنی ماددەی (١٢١/سێیەم)ی دەستوورە، و حکومەتی فیدراڵ مووچە و بودجەی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
فەرمانگەکە ڕوونیشیدەکاتەوە، ئەم ڕێکارە وای کردووە هەر کاتێک پڕۆژەیەک لە شارەکانی دیکەی عێراق پەک بکەوێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم بکرێتەوە، کە ئەمەش بە “سزایەکی دارایی بەکۆمەڵ” وەسف کراوە.
