وەرزی زستان بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام شەپۆلی سەرما جارێكی دیكە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە هەرچەندە هاووڵاتیان نە نەوتیان هەیە و نە كارەبا بۆ خۆگەرم كردنەوە و ڕووناك كردنەوە، هاوكات هێشتا خەڵكی ناو شارەكانی هەرێم نەوتیان وەرنەگرتووە و ئەمساڵ حكومەتی هەرێم نەوتی پێ نەدان، ئەو نەوتەش، كە عێراق ناردویەتی تەنها خێزانی 100 لیتر (نیو بەرمیل)ی بە 31 هەزار پێ دەدرێت و هێشتا زۆربەی خەڵك وەری نەگرتووە.
چەند ڕۆژێكە شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسڕائیل سەریهەڵداوە و بەوەش لە هەرێمی كوردستان، كە هیچ لایەن نییە لەو جەنگەدا كارەبای نیشتمانی بۆ كەمتر لە 10 كاتژمێر كەم بۆتەوە و مۆلیدەكانیش كارناكەن بەهۆی پڕۆژەی ڕووناكی كارەبای 24 كاتژمێرییەوە و وەزارەتی سامانە سروشییەكان و كارەبا دەڵێن: كۆمپانیای بەرهەمهێنانی غاز بەهۆی مەترسی جەنگەكەوە بەرهەمهێنانی غازی بۆ كارەبای كەم كردۆتەوە.
لەكاتێكدا سەرمایەكی بەهێز هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، ئێستا هاووڵاتیان نە كارەبایان هەیە و نە نەوت، چونكە ئەمساڵ حكومەتی هەرێم نەوتی بەسەر خەڵكی ناو شارەكان دابەش نەكرد و تەنها بۆ دەرەوەی شارەكان بەرمیلێكی بە 104 هەزار دابەش كرد.
سەرچاوەیەك لە نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “دابەشكردنی ئەو نەوتەی عێراق ناردوویەتی لە مەڵبەندەی 4دایە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دەچێتە مەڵبەندەكانی دیكەش”.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵانی رابردوو بۆ هەر خێزانێک لەناوچە سنورییەکان و شاخاوییەكان 2 بەرمیل نەوت و بۆ ناو پارێزگاکانیش بڕی 200 لیتر (یەك بەرمیل) نەوتیان پێدەدرا، لەبەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوتیشدا 104 هەزار دینار وەردەگیرا، بەڵام لەئەمساڵدا ئەو بڕە نەوتە بۆ ناو پارێزگاکان دابەشنەكرا.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی عێراق لەو بڕە نەوتەی لە حكومەتی هەرێمی وەردەگرێت بۆ هەناردەكردنی لەڕێگەی سۆمۆوە، بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەدرێتەوە بە هەرێم بۆ دابین كردنی پێداویستی ناوخۆ لە نەوتی سپی و بەنزین و گازوایل، بەڵام ئەمساڵ تەنها نەوت بە 104 هەزار درا بە ناوچە شاخاوییەكان و دەرەوەی شارەكان و لەناو شارەكان نەوت دابەش نەكرا سەبارەی ئەوەی زستانی ئەمساڵ زۆر سەخت بوو.
ئەمساڵ بەهۆی دابەش نەكردنی نەوتەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەرمیلی نەوت لە بازاڕی ڕەشدا گەیشتە 170 هەزار دینار.
ئێستا هاووڵاتیانی هەرێم سەرباری خراپی دۆخی دەروونی و گرانی بازاڕ و بێ مووچەیی، تووشی قەیرانی نەبوونی كارەبا و نەوت بوونەتەوە و حكومەتی هەرێمیش بێ دەنگی لەو دۆخە هەڵبژاردووە.
