پێنجشەممە. ئازار 19th, 2026

ئەو سیستەمە شاراوەیەی سیاسەتی کوردی بەڕێوەدەبات

سەیرکراوە: (5.1K)

سەرکەوت رەمەزان علی

لە کاتی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سەرەتای نەوەدەکاندا، پارتی و یەکێتی لەبری دروستکردنی دامەزراوەی نیشتمانی، سیستەمێکی ئاڵۆزی (خزمخزمێنە و کڕینی وەلائی سیاسی)یان دامەزراندووە کە تێیدا داهات و سامانی گشتی بەکاردێت بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی حیزبی. ئەم سیستەمە، کە بە درێژایی دەیان ساڵ ڕەگی داکوتاوە، وا دەکات کە هاوڵاتییان بۆ بەدەستهێنانی سادەترین مافی خۆیان وەک کار یان خزمەتگوزاری، ناچار بن بچنە ژێر ڕکێفی تۆڕە حیزبییەکانەوە لەبری پەنابردن بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت.

بناغەی ئەم قۆرخکارییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی یەکەم حکومەت و پەرلەمان لە ساڵی ١٩٩٢، کاتێک پارتی و یەکێتی مۆدێلی بەڕێوەبردنی “پەنجا بە پەنجا”یان داهێنا. لەم قۆناغەدا، هەردوو حیزب بە پاساوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی، دەستیان کرد بە دابەشکردنی پۆستەکان، زەوی و زار، و تەنانەت داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش لە نێوان خۆیاندا. کێبڕکێی ئەم دوو هێزە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقام وای کرد کە ڕێژەیەکی خەیاڵی لە خەڵک لەسەر میلاکی حیزبی دابمەزرێنن؛ بۆ نموونە ئەگەر یەکێتی ١٠٠ کەسی دابمەزراندایە، پارتی ٢٠٠ کەسی دادەمەزراند تەنها بۆ ئەوەی لایەنگری زیاتر کۆبکاتەوە. ئەم ململانێیە بووە هۆی ئیفلیجبوونی کەرتی تایبەت و دروستبوونی کەرتێکی گشتیی زەبەلاح کە تەنها لەسەر بنەمای وەلائی حیزبی کاری دەکرد.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لەگەڵ هاتنی پارەیەکی زۆری بەغدا و دواتریش دەستپێکردنی هەناردەی نەوت لە ساڵی ٢٠٠٧دا، ئەم سیستەمە حیزبییە گۆڕا بۆ سیستەمێکی سوڵتانی کە تێیدا چینی سیاسی و بازرگانی بە تەواوی تێکەڵ بە یەکتر بوون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، حکومەتی هەرێم لە سەردەمی زێڕینی دارایی خۆیدا مانگانە نزیکەی ٧١٧ ملیۆن دۆلاری بۆ مووچەی زیاتر لە ١.٤ ملیۆن مووچەخۆر خەرج دەکرد، کە لەو ژمارەیە دەیان هەزار کەس مووچەی نایاسایی و دوو مووچەییان هەبوو تەنها بۆ کڕینی دەنگیان لە هەڵبژاردنەکاندا. هەروەها ملیۆنان دۆلار لە خەزێنەی گشتی دەردەهێنرا بۆ پارەدارکردنی میدیا سێبەرەکان و هەڵمەتەکانی حیزب، کە ئەمەش نایەکسانییەکی گەورەی لە نێوان حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دروست کردبوو.

کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم تۆڕە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و وای کردووە “متمانە بە حکومەت” بە تەواوی دابڕمێت. کاتێک هەموو سەرچاوەیەکی ئابووری، لە کۆمپانیاکانی نەوت و پەیوەندییەکانەوە بگرە تا دەگاتە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، لەلایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە مۆنۆپۆڵ دەکرێت، گەنجێکی ئاسایی هیچ هیوایەک بۆ گەشەکردن نابینێت ئەگەر نەبێتە بەشێک لەم ئامێرە حیزبییە. ئەم مۆدێلە لە ئیدارەدان نەک تەنها دیموکراسیی لەبار بردووە، بەڵکو کۆمەڵگەی کوردیشی دابەش کردووە بۆ دوو چین: کەمینەیەکی دەوڵەمەندی سەر بە دەسەڵات، و زۆرینەیەکی بێبەشکراو کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی بڕینی مووچە و نانەکەیدایە.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 103 Today: 226 📊 Click Here