مارف خدر نوری
لەسەر کاغەز و لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێشمەرگە وەک “قەڵغانی پۆڵاینی کوردستان” دەناسرێت، بەڵام لە واقیعدا، ئەم هێزە قوربانیی گەورەترین ململانێی حیزبییە لە مێژووی هەرێمدا. سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بوونی هەیە، بەڵام زۆرینەی ڕەهای هێزەکان زیاتر لە ١٠٠,٠٠٠ چەکدارهێشتا بەسەر یەکەی ٨٠ی پارتی و یەکەی ٧٠ی یەکێتیدا دابەشبوون و فەرمان لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکانیانەوە وەردەگرن نەک لە وەزیرێک یان فەرماندەییەکی یەکگرتوو. ئەم دابەشبوونە تەنها کێشەیەکی ئیداری نییە؛ بەڵکو کەلێنێکی گەورەی ئەمنی دروست کردووە کە سەقامگیریی هەرێمەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە کاتێک وڵاتێک دوو سوپای هەبێت، لە ڕاستیدا هیچ سوپایەکی نییە
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا ساڵانێکە ملیۆنان دۆلار و ڕاهێنان پێشکەش دەکەن بەو مەرجەی ئەم هێزانە ببنە یەک سوپای نیشتمانیی پیشەگەر. بەڵام ڕاپۆرتی تەمموزی ٢٠٢٥ی پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زۆر بە ڕوونی هۆشداری دا کە “ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی” گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم چاکسازییەکاندا. سەرکردایەتیی هەردوو حیزب بەڵێنی “یەکخستن” دەدەن ، بەڵام لە کرداردا، هێشتا پۆستە سەربازییەکان لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا (٥٠-٥٠) دابەش دەکرێن، و فەرماندەی لیواکان زیاتر وەلائیان بۆ حیزبەکانیان هەیە تا بۆ نیشتمان. تەنانەت کاتێک لیوایەکیش یەکدەخرێت، فەرماندەیەک لە پارتی و جێگرەکەی لە یەکێتییە (یان بەپێچەوانەوە)، کە ئەمەش مانای وایە جووڵەی سەربازی لەبری پلانی ستراتیژی، چاوەڕێی ڕەزامەندیی سیاسی دەکات
ئەم پەرتەوازەییە چ باجێکی قورسی لەسەر خەڵک و خاکی کوردستان داناوە؟ یەکەم: کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەرەکی دەبینەوە جا چ هێرشی میلیشیاکان بێت یان پەلاماری چەکدارانی داعش لە ناوچە دابڕێنراوەکان نەبوونی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی یەکگرتوو و متمانەی تەواو لە نێوان هێزەکاندا، وادەکات بەرگرییەکان لاواز بن. دووەم: بوونی هێزی چەکدار لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت، بەردەوام وەکو چەکێکی تۆقاندن لە ململانێ ناوخۆییەکاندا بەکاردێت، کە ئەمەش ڕێگە نادات هەرێمی کوردستان قۆناغی “شۆڕشی شاخ” تێپەڕێنێت و ببێتە دەوڵەتێکی دامەزراوەیی.
ئایا دەکرێت باس لە دیموکراسی و ئارامی بکرێت لە کاتێکدا حیزبەکان چەکی قورسیان بەدەستەوەیە؟ چۆن دەتوانین متمانە بە حکومەتێک بکەین کە سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی ناتوانن فەرمان بە هێزێکی چەکداری یەکتر بکەن؟ ئەگەر پارتی و یەکێتی بەڕاستی دەیانەوێت کوردستان بپارێزن، دەبێت واز لە کۆنترۆڵکردنی چەکدارەکان بهێنن. تا ئەو کاتەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ بە تەواوی هەڵنەوەشێنرێنەوە و نەکرێنە یەک هێزی نیشتمانیی بێلایەن، پێشمەرگە لەبری ئەوەی سوپای نیشتمان بێت، تەنها پاسەوانی بەرژەوەندییەکانی حیزب دەبێت! ماف بە پاڕانەوە نادرێت، و سەقامگیریش بە هێزی پارچەپارچە ناپارێزرێت!
