پێنجشەممە. ئازار 12th, 2026

ئیسماعیل بەقائی: ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا پارچەپارچەکردنی خاکی ئێرانە

سەیرکراوە: (0)

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتەکەی لە بەرگریکردن لە خۆی بەردەوام دەبێت و هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمریکا مەبەستی دابەشکردنی خاکی ئێران و تاڵانکردنی سامانی وڵاتەکەیە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بە ئامانجی پارچەپارچەکردنی خاک و تاڵانکردنی سامانی نیشتمانییە. دەشڵێت، لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بۆ فریودانی گەلی ئێرانە و واشنتن بە تەواوی ڕێگەی دیپلۆماسی لەناوبردووە؛ جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا هیچ ڕێزێک بۆ سەقامگیریی وڵاتان دانانێت و تەنیا بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی بەلاوە گرنگە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ بابەتێک بە ناوی دانوستان لە ئارادا نییە و تاران تەنیا کار بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی دەکات. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: “جەنگمان بەسەردا سەپێنراوە، لەبەر ئەوە جگە لە بابەتی بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان، قسەکردن لەسەر هەر شتێکی دیکە لەم کاتەدا بێمانایە و کاتی نییە”.

ئیسماعیل بەقائی ڕەخنەی توندی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت و ڕایگەیاند، ئەو دامەزراوانە لە ژێر کاریگەریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا پەکخراون و نەیانتوانیوە بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵسن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بێدەنگیی نێودەوڵەتی بەرامبەر هێرشەکان نیشانەی لاوازیی ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەیە.

بەقائی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تاران هەمیشە هەوڵی پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکدی. بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر خاکی هەر وڵاتێکی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، ئەوا تاران بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی خۆیەتی بەرگری بکات و وەڵامی هەبێت. جەختیشی کردەوە کە ئێران تاوەکو ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر خاکی هیچ وڵاتێک و تەنیا بەرگری لە خۆی دەکات.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 219 Today: 2,950 📊 Click Here