روانگەی ئیکۆ عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ڕۆژانە نزیکەی 360 هەزار دۆلار زیان بە عێراق دەگات، دەشڵێت، مانگانە دەکاتە 10 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی زیانەکانی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێش دەستپێکردنی جەنگ، ڕۆژانە نزیکەی 800 فڕۆکەی ناوخۆیی و بیانی بە ئاسمانی عێراقدا هاتوچۆیان کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەکە زیاتر بووە لە پێشتر کە رۆژانە 700 تا 750 فڕۆکە هاتوچۆیان بە ئاسمانی وڵاتەکەدا دەکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کرێی یەک فڕۆکە کە بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕێت، نزیکەی 450 دۆلار بووە، کە داهاتی رۆژانە دەکاتە 360 هەزار دۆلار.
راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ـی شوباتی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران گرژی و ئاڵۆزییەکان ناوچەیەکی بەفراوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە.
